ئیسرائیل کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی راگەیاند

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، فەرماندەیەکی باڵای دیکەی لە بارەگای نەوتی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران کوشتووە.

دووشەممە 6ـی نیسانی 2026، بەگوێرەی بەیاننامەیەکی سوپای ئیسرائیل، محەمەد رەزا ئەشرەفی کاهی کە بەرپرسی کاروباری بازرگانی بووە لە نێو بارەگای نەوت، رۆژی هەینی لە کاتی هێرشە ئاسمانییەکانی سەر ناوچەی تاران کوژراوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، بارەگای نەوت ئەرکی پشتیوانیکردنی چالاکییەکانی سوپای پاسداران و بەهێزکردنی توانای سەربازیی و هەروەها دابینکردنی دارایی بۆ هاوپەیمانە ناوچەییەکانی وەک حزبوڵڵای لوبنان و حوسییەکانی یەمەن لە ئەستۆیە، ئەمەش لە رێگەی ئەو قازانجانەی لە فرۆشتنی نەوتەوە دەست دەکەوێت.

سوپای ئیسرائیل کوژرانی ئەم بەرپرسەی بە لێدانێکی گەورە لە بنەما ئابورییەکانی دەزگای ئەمنی ئێران ناوبرد، ئەمەش دوای چەند رۆژێک دێت لە راگەیاندنی کوژرانی فەرماندەی بارەگای نەوتی سەر بە هێزە چەکدارەکانی ئێران.

لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل و خزمەتگوزارییەکانی فریاکەوتن رایانگەیاند، موشەکێکی ئێرانی بەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری حەیفا لە باکووری ئیسرائیل کەوتووە و لە ئەنجامدا 4 کەس بریندار بوون.

سوپای ئیسرائیل بۆ ئاژانسی "فرانس پرێس" پشتڕاستی کردەوە، باڵەخانەکە تووشی پێکانی راستەوخۆ بووە بە موشەکێکی ئێرانی.

هەروەها تیمەکانی فریاکەوتنی نەجمەی داود رایانگەیاند، موشەکەکە بەر باڵەخانەیەکی 7 نهۆمی کەوتووە، لە بارەی زیانە گیانییەکانەوە ئاماژەی بەوەکردووە، بریندارەکان بریتین لە پیاوێکی تەمەن 82 ساڵ کە بەهۆی پارچەی موشەکەوە برینەکەی سەختە، لەگەڵ دوو ئافرەتی  77 و 38 ساڵ و منداڵێکی تەمەن 10 ساڵ کە لە سەریدا بریندار بووە.