بەریتانیا: کەشتی جەنگی دراگۆن سەلامەتە و لێینەدراوە
وەزارەتی بەرگری بەریتانیا، ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە کە باس لەوە دەکەن کەشتییەکی جەنگی وڵاتەکەی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، بەهۆی بۆردومانەکانی حزبوڵڵای لوبنانەوە زیانی پێگەیشتبێت.
دووشەممە 6ـی نیسانی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگری بەریتانیا بۆ ئاژانسی "PA" رایگەیاند، ئەو دنگۆیانەی دەڵێن "حزبوڵڵای لوبنان بە هەڵە موشەکی گرتووەتە کەشتی جەنگی (Dragon) بەو پێیەی وایزانیوە کەشتییەکی ئیسرائیلییە"، دوورن لە راستی و بێ بنەمان.
ئەم ڕوونکردنەوەیەی بەریتانیا دوای ئەوە دێت، پێشتر "کەناڵ 14"ـی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، حزبوڵڵا موشەکێکی ئاراستەی کەشتییەکی سەربازی بەریتانی کردووە بە گومانی ئەوەی ئیسرائیلی بێت، کەناڵەکە ئاماژەی بەوەش کردبوو، بەگوێرەی خەمڵاندنە ئەمنییەکانی ئیسرائیل، موشەکەکە بەر کەشتییەکە کەوتووە و زیانی پێگەیاندووە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە، بەیانی رۆژی یەکشەممە، حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، کەشتییەکی سەربازی ئیسرائیلییان لە کەناراوەکانی لوبنان کردووەتە ئامانج، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشە بەردەوامانەی ئیسرائیل کە ماوەی مانگێکە بۆ سەر خاکی لوبنان دەستی پێکردووە.