بەردەوامی جەنگی ئێران و حزبوڵڵای لوبنان ئابووری ئیسرائیل دادەڕوخێنێت
رۆژنامەیەکی ئابووریی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد، تێچووی جەنگی وڵاتەکەی دژی ئێران و حزبوڵڵای لوبنانی لە ماوەی شەش هەفتەی رابردوودا، گەیشتووەتە نزیکەی 15 ملیار دۆلار و پێشبینیش دەکرێت ئەم ژمارەیە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزتر ببێتەوە.
دووشەممە 6ـی نیسانی 2026، رۆژنامەی "کالکالیست"ی عیبری کە تایبەتە بە کاروباری ئابووری بڵاویکردەوە، تاوەکو ئێستا جەنگەکە 47 ملیار شیکڵ نزیکەی 15 ملیار دۆلاری لە بودجەی ئیسرائیل بردووە، هەروەها وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل داوای 39 ملیار شیکڵی دیکە واتە نزیکەی 12.4 ملیار دۆلار کردووە بۆ داپۆشینی خەرجییە سەربازییەکان، بەتایبەت کە پێشبینی دەکرێت جەنگەکە درێژە بکێشێت.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، جەنگەکە زیانێکی زۆری بە کەرتی مەدەنی گەیاندووە:
زیاتر لە 26 هەزار داواکاریی قەرەبوو بۆ زیانی مووشەکەکان تۆمارکراون کە بڕەکەی لەنێوان 320 بۆ 450 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.
بڕی 2.1 بۆ 2.3 ملیار دۆلار وەک قەرەبوو بۆ ئەو کۆمپانیا و کرێکارانە تەرخانکراوە کە بەهۆی جەنگەوە کارەکانیان پەکیکەوتووە.
نزیکەی 160 ملیۆن دۆلار بۆ ئەو کرێکارانە خەرج دەکرێت کە نێردراونەتە مۆڵەتی بێ مووچە.
ئەو جەنگەی لە 28ـی شوباتی رابردووەوە بە هێرشی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، تیایدا هەزاران کەس کوژران و بریندار بوون، دواتر لە 2ـی ئاداردا، مەیدانی جەنگەکە لوبنانیشی گرتەوە، دوای ئەوەی حزبوڵڵای هاوپەیمانی ئێران وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ کوشتنی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران و هێرشەکانی ئیسرائیل، هێرشی کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل.
لە ئێستاشدا حکوومەتی ئیسرائیل لەژێر گوشارێکی زۆردایە بۆ کەمکردنەوەی کۆتوبەندە ئابوورییەکان، تاوەکو بتوانێت رێگری لە داڕمانی زیاتری ئابووری وڵاتەکە بگرێت لە سایەی تێچووە خەیاڵییەکانی ئەم جەنگە ئیقلیمییەدا.