لە سەڵاحەددین لە 24 کاتژمێردا 5 هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، سەرچاوەیەکی ئەمنیی لە پارێزگای سەڵاحەددین رایگەیاند؛ بارەگایەکی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە دەوروبەری قەزای دووزخورماتوو 'رۆژهەڵاتی پارێزگاکە' کەوتووەتە بەر هێرشێکی ئاسمانی. ئەمە پێنجەمین هێرشی لەو شێوەیەیە لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا لە سنووری ئەو پارێزگایە تۆمار بکرێت.
بەگوێرەی لێدوانی سەرچاوە ئەمنییەکە فڕۆکەیەکی جەنگی بە شێوەیەکی راستەوخۆ پێگەیەکی حەشدی شەعبی لە رۆژهەڵاتی سەڵاحەددین پێکاوە. تا ئێستا زیانە گیانییەکان و قەبارەی زیانە ماددییەکان رانەگەیەندراون، بەڵام هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ ناوچەکەیان گەمارۆداوە و لێکۆڵینەوەیان لە مەلەفەکە دەستپێکردووە.
ئەم شەپۆلە نوێیەی گرژییەکان لە پارێزگای سەڵاحەددین چەند ناوچەیەکی جیاوازی گرتووەتەوە؛
1- بەرەبەیانی یەکشەممە 'کاتژمێر 2:00': بارەگای لیوای 52ـی حەشدی شەعبی بۆردومان کرا.
2- شەوی یەکشەممە 'کاتژمێر 8:00': دوو هێرشی ئاسمانی کرایە سەر بارەگایەکی حەشد لە ناحیەی "سینیە" سەر بە قەزای بێجی.
3- شەوی یەکشەممە 'کاتژمێر 10:00': فەوجی چواری لیوای 52 لە فڕۆکەخانەی سەربازیی "حەلیوە" لە قەزای دووزخورماتوو کرایە ئامانج.
4- درەنگانی شەوی یەکشەممە 'کاتژمێر 11:30': هەوڵێک درا بۆ کردنە ئامانجی "بنکەی ئاسمانیی بەلەد".
سەبارەت بە هێرشەکەی سەر بنکەی ئاسمانیی بەلەد، سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو مووشەکەی ئاڕاستەی بنکەکە کرابوو، لە ماڵێکی هاووڵاتییان لە گوندی "ئەلبوجەیلی" لە ناحیەی یەسرب کەوتووەتە خوارەوە. بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتی مەدەنی بریندار بوون کە لە ناو ماڵەکەدا بوون و بۆ چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
ئەم پەرەسەندنە ئەمنییانە لە کاتێکدایە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی سەڵاحەدین ماوە ماوە گرژی و ئاڵۆزی بەخۆوە دەبینن، لە ئێستاشدا داواکارییەکان بۆ تووندکردنەوەی رێوشوێنە ئەمنییەکان و رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە زیادیان کردووە.