ئێران شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی کردە سەر باکوور و ناوەڕاستی ئیسرائیل
ئەمڕۆ دووشەممە، ئێران شەپۆلێکی نوێی مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی باکوور و ناوەڕاستی ئیسرائیل کردووە، بەتایبەتی شارەکانی حەیفا و تەلئەڤیڤی کردووەتە ئامانج.
میدیاکانی ئێران رایانگەیاند؛ دوو مووشەک راستەوخۆ بەر ناوەندیی شاری حەیفا کەوتوون. ئەم هێرشە بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە و زیانی مادی زۆری لە چەند شوێنێکی جیاوازی شارەکەدا لێکەوتووەتەوە.
هاوکات لەگەڵ هێرشەکەی سەر حەیفا، هێرشێکی دیکەی مووشەکی ئاراستەی ناوەڕاستی ئیسرائیل و شاری تەلئەڤیڤ کراوە. سەرچاوە هەواڵییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، یەکێک لە مووشەکەکان بەر "شوێنێکی ستراتیژی" لە تەلئەڤیڤ کەوتووە، و بەهۆی هەستیاری شوێنەکەوە، هێزە ئەمنییەکان بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە وێنە و ڤیدیۆیەکی ئەو ناوچەیەیان قەدەغە کردووە.
لای خۆشیەوە، رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت" بڵاویکردەوە،.بەهۆی دوایین هێرشی مووشەکییەوە، پارچەی مووشەک و کڵاوەی تەقەمەنی لە 15 شوێنی جیاوازی تەلئەڤیڤ کەوتوونەتە خوارەوە.
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە، ناسنامەی ئەو مووشەکانەیان دیاری کردووە، لە ئێرانەوە بەرەو خاکی ئیسرائیل هەڵدراون. سوپا رایگەیاند؛ سیستەمە بەرگرییەکان بەرپەرچی هێرشەکانی داوەتەوە و داوای لە هاوڵاتییان کردووە پابەندی رێنماییەکان بن و تەنیا دوای وەرگرتنی فەرمانی روون لە پەناگەکان و ناوچە پارێزراوەکان بێنە دەرەوە.