کەرکووک.. وەرزی شانۆی مۆنۆدرامای نایاب بەڕێوەچوو

لەلایەن لقی کەرکووکی سەندیکای هونەرمەندان، وەرزی نوێی شانۆی مۆنۆدرامای نایاب لە هۆڵی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی کەرکووک بەڕێوەچوو.

دووشەممە، 6ی نیسانی 2026، قاسم خەمگین، بەڕێوەبەری وەرزی شانۆی مۆنۆدرامای نایاب بە کوردستان24ی گوت، "لەم چالاکییەدا هەوڵ دەدرێت شانۆ وەک ئامرازێکی قوڵی دەربڕینی دەروونی مرۆڤ و تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی بەکاربهێنرێت و پێمان وایە مۆنۆدراما وەک جۆرێکی شانۆیی تایبەت، کە توانایەکی زۆری هەیە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی راستەقینە لەسەر کێشە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان.

قاسم خەمگین گوتیشی، "لە چوارچێوەی ئەم وەرزەدا سێ نمایش بە سێ زمان پێشکەش دەکرێن، کە هەر یەکێکیان رەهەندێکی جیاواز لە ژیان و کولتوور دەخاتەڕوو وەکو، نمایشی "نوکتەچی"، کە لەلایەن تیپی شانۆی کەرکووک پێشکەش دەکرێت و بە زمانی عەرەبییە. نمایشی  "سنوورەکان"، کە لەلایەن تیپی هونەرمەندانی تورکمان پێشکەش دەکرێت و بە زمانی تورکمانییە. نمایشی"تێی هەڵدەشەق" کە لەلایەن تیپی شانۆی دیالۆگەوە پێشکەش دەکرێت و بەزمانی کوردییە.

بەڕێوەبەری چالاکیەکە باس لە کردنەوەی پێشانگەیەکی تایبەت دەکات و دەڵێت، "هەروەها لە چوارچێوەی ئەم وەرزە شانۆییەدا، پێشانگەیەکی تایبەت پێشکەش دەکرێت کە پێکەوەژیانی ئاشتیانە و هاوژینی نێوان کولتوورە جیاوازەکان نیشان دەدات. ئەم پێشانگەیە لەلایەن گروپی هونەرە میلییەکانی کەرکووک پێشکەش دەکرێت و وەک نیشانەی یەکریزی و هاوبەشی کۆمەڵایەتی دەبینرێت.

قاسم خەمگین باس لە گرنگیی چالاکییەکە دەکات و گوتی، "ئەم جۆرە وەرزە شانۆییە کاریگەرییەکی گرنگیان هەیە لە پەرەپێدانی شانۆی هاوچەرخ لە کەرکووک، بە تایبەتی لە بواری مۆنۆدرامادا کە تێیدا توانای دەربڕینی هەستە قووڵەکان بە شێوەیەکی هونەریی پیشان دەدات. هەروەها ئەم چالاکییە وەک پلاتفۆرمێک دادەنرێت بۆ گفتوگۆی نێوان زمان و کولتوورە جیاوازەکان، کە بەشداربووان لە رێگەی شانۆوە دەبن بە بەشێک لە دیالۆگی ئاشتی و هاوژینی.

شایەنی باسە، وەرزی شانۆی مۆنۆدرامای نایاب کە لە کەرکووک بەڕێوەچوو، وەک هەنگاوێکی گرنگ سەیر دەکرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هونەری شانۆ لە کەرکووک و دروستکردنی شوێنێک بۆ بەهێزکردنی دیالۆگی کولتووری و مرۆیی لە رێگەی هونەرەوە.