خزمەتگوزاریی ئی-پسوولە بۆ ماوەیەکی کاتی دەوەستێت
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، سەکۆی ئی-پسوولە، بەهۆی پرۆسەی پەرەپێدانی سیستەمەکانی وەزارەتی کارەبا؛ لە کاتژمێر 2:00ی پاش نیوەڕۆی چوارشەممەوە، 08ـی نیسانی 2026، رادەوەستێت و تا کاتژمێر 8:00ی بەیانیی رۆژی یەکشەممە، 12ـی نیسان، بەردەوام دەبێت.
بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، هەر پارەدانێک ئەنجامدرابێت پێش وەستانی خزمەتگوزارییەکە، سەرکەوتووانە تۆماردەکرێت.
سیستەمی نوێی پارەدانی پسوولەکانی وەزارەتی کارەبا بەشێکە لە کارەبای 24-کاتژمێریی پرۆژەی رووناکی، کە ئامانجی باشتکردنی ئەزموونی بەکارهێنەرە لە رێگەی دابینکردنی خزمەتگوزاریی پارێزراو لە تەواوی هەرێمی کوردستان.
پرۆژەی ئی-پسوولە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە مانگی شوبات راگەیەندراوە بۆ پارەدانی پسوولە بەشێوەی دیجیتاڵی. ئەم پڕۆگرامە لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراق (CBI) پەسەند کراوە.