پێشمەرگە شەهیدەکەی "زەرگەزەوی" پێشتر برایەکی لە شەڕی داعشدا شەهید بووە

ئەو دوو هاوسەرەی لە هێرشەکەدا شەهید بوون
ئەو دوو هاوسەرەی لە هێرشەکەدا شەهید بوون

درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نێو خاکی ئێرانەوە ماڵی پێشمەرگەیەکی لە سنووری شاری هەولێر کردە ئامانج، بەهۆیەوە پێشمەرگەکە لەگەڵ هاوژینەکەی شەهید بوون و دوو منداڵیشیان بریندار بوون.

کاتژمێر 12:15 خولەکی شەوی سێشەممە، 07ـی نیسانی 2026، لە گوندی "زەرگەزەوی"ـی سەر بە ناحیەی دارەشەکران، لە سنووری هەولێر؛ درۆنێک بەر خانووی پێشمەرگەیەک بە ناوی (مووسا ئەنوەر رەسووڵ) کەوت و بووە هۆی شەهیدبوونی خۆی و (مژدە ئەسعەد حەسەن)ـی هاوژینی.

 بەگوێرەی راگەیەنراوێکی دژەتیرۆری کوردستان، درۆنە بۆمبڕێژکراوەکە لە نێو خاکی ئێرانەوە ئاراستە کرابوو. 

لە هێرشەکەدا دوو منداڵی دیکەش بریندار بوون، کە تەمەنیان لە نێوان دوو بۆ پێنج ساڵاندایە؛ بەڵام ئێستا تەندروستیی هەردووکیان جێگیرە. 

 

 

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەحمەد عەبدولسەمەد، پەیامنێری کوردستان24، هێرشەکە لە کاتێکدا بووە، هەردوو هاوسەرەکە "لە شیرینی خەودا بوون" و منداڵەکانیشیان، لە ژوورێکی دیکەدا بوون، بۆیە لە مەرگ رزگاریان بووە. 

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش دا، دایکەکە پێش ئەوەی بخەوێت، شیری بە منداڵە دوو ساڵانەکەی داوە و لای منداڵەکەی دیکەی بەجێهێشتووە؛ دواتر چووەتە ژووری نووستنی. 

باسی لەوەش کرد، ئەمە یەکەمجار نییە ئەو بنەماڵەیە قوربانی دەدەن؛ چونکە ساڵی 2018ـش، برایەکی مووسا بەناوی عەبدوڵڵا ئەنوەر لە چیای قەرەچووخ لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا شەهید بووە.

لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران، پارێزگای هەولێر و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان چەندین جار رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی بوونەتەوە.

بەشێک لەم هێرشانە راستەوخۆ لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ئەنجام دراون و بەشێکی دیکەشیان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تارانەوە ئاراستە دەکرێن. پاساوی ئێران بۆ ئەم جۆرە هێرشانە زۆرجار بوونی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و نەیارەکانیەتی لە نزیک سنوورەکان، بەڵام بەردەوام ناوچە مەدەنییەکان و هاووڵاتییانی بێتاوان دەبنە قوربانی.