مەسرور بارزانی: قەرەبووی ماددی زیانلێکەوتووان دەکەینەوە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بە توندی رەخنەی لە هەڵوێستی سستی حكوومەتی عێراق گرت بەرانبەر ئەو پەلامارە تێرۆریستییانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و رایگەیاند؛ جێگەی داخە ئەو گرووپانەی هێرش دەکەنە سەر هاووڵاتییانی بێتاوان، لە لایەن بەغداوە بوودجە و مووچەیان بۆ دابین دەکرێت، لە کاتێکدا حكوومەتی فیدراڵ دەڵێت توانای رووبەڕووبوونەوەیانی نییە.

سێشەممە، 7ـی نیسانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەشداری لە پرسەی دوو هاووڵاتیی گوندی "زەرگەزەوی" کرد کە لە ئەنجامی هێرشێکی ناڕەوا و بێ پاساو شەهید بوون.

هەروەها مەسرور بارزانی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: جارێکی دیکە بەبێ پاساو هێرش کرایە سەر خەڵکی بێتاوانی هەرێمی کوردستان، دوو هاوژین شەهید بوون کە جێی داخی هەموو لایەکمانە، سەرەخۆشی لە جەنابی سەرۆک بارزانی و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین.

باسی لەوە کرد، ئەمە چەندین جارە بە بێ هۆ و پاساو هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، بە دڵنیاییەوە ئەوەی دەستی بە خوێنی گەلەکەمان سوور بێت دوور یان نزیک بە سزای خۆی دەگات، ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر رێبازی شەهیدانمان بۆ ئازادی و سەربەرزی گەلەکەمان، هەروەها بۆ پاراستنی خاک و وڵاتمان بەردەوام دەبین.

مەسرور بارزانی دەڵێت: سوپاسی پشوودرێژی و هاوکاری خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین، هیوادارین ئەم شەڕ و گرژییە بەرەو کۆتایی بڕۆن و خەڵکی ئێمە بە ئاواتی دێرینی خۆیان بگەن.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بارەی بەردەوامی هێرشەکان و هەڵوێستی حکوومەتی عێراق گوتی: بە داخەوە تا ئێستا حکوومەتی فیدراڵ هیچ هەنگاوێکی کردەییان نەناوە بۆ راگرتنی ئەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر هەرێم.

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە لەگەڵ هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان و دۆسەتەکانی خۆمان قسەمان کردووە، هەموویان پاڵپشتیی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ خەڵکی بێ تاوانی هەرێمەکە دووپات کردووەتەوە، ئومێدەوارم بتوانن سنوورێک بۆ ئەو پەلامارانە دابنرێت کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان".

مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە، بە داخەوە تاوەکوو ئێستا پەلاماردانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، بەپرسیارەتی گەورەش دەکەوێتە سەر شانی حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەی رێگری لەو تیرۆرستانە بکات کە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان.

جەختی لەوە کردەوە، "هەوڵمان داوە ئەوەی لەسەر ئێمە پێویست بێت لەگەڵ هەموو لایەک پەیوەندیمان کردووە تا هێرش و پەلاماردانەکانی سەر هەرێمی کوردستان بوەستێندرێت."

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، گوتی: بەڕاستی هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەو پەلامار و هێرشانەی کە دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان قسە کراوە و گلییەکانی خۆمان پێ گەیاندوون و پێشمان گووتوون هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەو شەڕە و ئێمە مەترسی نین بۆ سەر هیچ لایەنێک، بەڵام بەڕاستی ئەوانەی پەلاماری خەڵکی هەرێم دەدەن بەرانبەر بە خوا و ویژدانی خەڵک بەرپرسیارن، چونکە هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی ئەو هێرشانە بکەن.

سەبارەت بەو لیژنانەی کە لەگەڵ حکوومەتی عێراق پێکهێنراون بۆ هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ئاشکرای کرد، ئێمە زۆر بە جیددی چووینەتە پێشەوە لەگەڵ هەموو لایەنێک، ئەوەی لەسەر ئێمەیە کردوومانە بەڵام بە داخەوە لایەنەکانی دیکە لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا نین، یان ناتوانن یان نایانەوێت هیچ لێپێچینەوەیەک لەگەڵ تاوانباران بکەن.

سەرۆکوەزیران ئەوەشی خستە روو، بە هیچ جۆرێک قەرەبووی خوێنی شەهید ناکرێتەوە، مەگەر بە ئازادی کوردستان نەبێت. هەر خێزانێک بەهۆی هێرشەکانەوە زیانی بەرکەوتبێت ئێمە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان چیمان لە توانادابێت دەیکەین بۆ ئەوەی قەرەبووی زیانی ماددیان بکەینەوە.

مەسرور بارزانی جەختی لەوەش کردەوە، بۆ ئەوەی پەلامارەکانی سەر هەرێمی کوردستان بوەستێندرێت، لە رووی دیپلۆماسییەوە هەموو هەوڵێکمان داوە، لەگەڵ هەموو لایەنەکان پەیوەندیمان کردووە و داوامان لێکردوون کوردستان بپارێزن، بەڵام بە داخەوە ئەوانەی کە دەسەڵاتیان هەیە تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەییان نەناوە بۆ ئەوەی رێگری لە تیرۆریستان بکەن.

سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئەوەی لە توانامان بێت بۆ رێگریکردن لە هێرشەکان کردوومانە، بەڵام بە داخەوە ئەم هێرشانە لە زۆر شوێن دەکرێنە سەر هەرێم، توانای ئێمەش سنووردارە، بەڵام ئەبێت هەموو لایەکمان وریا بین و هاوکار بین بۆ ئەوەی خۆمان بپارێزین.

لە بارەی ئەو لایەنە عێراقییانەی کە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیران رایگەیاند: زۆر باش دەزانرێت ئەو لایەن و کەسانە کێن کە هێرش دەکەنە سەرمان، ئەوانە بە ئازادیش دەسووڕێنەوە، لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە پارەداریش دەکرێن، حکوومەتی فیدراڵیش دەڵێت، "توانای رووبەڕووبوونەوەمان نییە". ئینجا خۆیان نایانەوێت یان توانایان نییە، ئەمە بەرپرسیارێتییەکەی هەر دەکەوێتەوە سەر حکوومەتی فیدراڵ.