فراکسیۆنی پارتی و عەممار حەکیم مەترسیی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن

شاندێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی رەوتی حیکمە کۆبوونەوە، تەوەری سەرەکی دیدارەکە تایبەت بوو بە مەترسیی بەردەوامیی هێرشە ناڕەواکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و زیانە گیانییەکانی هاووڵاتیانی سڤیل.

ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی نیسانی 2026، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: بەردەوامیی هێرشە ناڕەواکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و پرسی شەهید و برینداربوونی هاووڵاتیانی سڤیل، تەوەری سەرەکیی دیداری وەفدێکی فراکسیۆنی پارتی بوو لەگەڵ عمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، لەو دیدارەدا کە بە سەرۆکایەتیی شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆن و ئامادەبوونی ئەندامانی فراکسیۆن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، بە وردی باس لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی ئەو هێرشانە کرا.

هاوکات جەخت لە پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و سەروەریی عێراق کرایەوە، دواین پەرەسەندنە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە و گرنگیی دیالۆگ بۆ چەسپاندنی سەقامگیری، تەوەرێکی تری گفتوگۆکانی هەردوولا بوون.