شیلی کیتڵسۆن رۆژنامەنووسە ئەمریکییەکە ئازاد کرا

ئەبو موجاهید عەساف رایگەیاند، وەک رێزێک بۆ هەڵوێستەکانی سەرۆکوەزیران، بڕیاریان داوە رۆژنامەنووسە ئەمریکییەکە شیلی کیتڵسۆن ئازاد بکەن، بەو مەرجەی دەستبەجێ وڵات جێبهێڵێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 7ـی نیسانی 2026، لە راگەیەندراوێکدا کە لەژێر ناوی "بەرپرسی ئەمنی ئەبو موجاهید عەساف" بڵاوکراوەتەوە، هاتووە "وەک پێزانینێک بۆ هەڵوێستە نیشتمانییەکانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیارمان دا بە ئازادکردنی رۆژنامەنووسێکی ئەمریکی (شیلی کیتڵسۆن)، بەو مەرجەی دەستبەجێ وڵات جێبهێڵێت."

لە راگەیەندراوەکەدا هۆشداری دراوە کە ئەم جۆرە دەسپێشخەرییانە لە داهاتوودا دووبارە نابنەوە و ئاماژە بەوە کراوە، "ئێمە لە دۆخی جەنگداین لە بارودۆخی وەهاشدا زۆرێک لە ڕەچاوکردنەکان (ئیعتیبارات) نامێنن."

ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییە لە ماوەی ڕابردوودا دەنگدانەوەی زۆری لە میدیاکان و ناوەندە سیاسییەکاندا دروست کردبوو.

سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە ئاگاداری هەواڵی رفاندنی رۆژنامەنووسێکی ئەمریکیین لە بەغدا، پێشتریش ئەرکی خۆمان جێبەجێ کردووە لە ئاگادارکردنەوەی ئەو کەسە سەبارەت بەو هەڕەشانەی لەسەری بووە، ئێستاش لەگەڵ نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) بەردەوامین لە هەماهەنگی بۆ دڵنیابوون لە ئازادکردنی لە زووترین کاتدا."

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "کەسێک کە پەیوەندی بە گرووپی (کەتائیبی حیزبوڵڵا)ی نزیک لە ئێران هەیە و وا بڕوا دەکرێت لە رفاندنەکەدا تێوەگلابێت، لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە دەستبەسەر کراوە."

لەلای خۆیەوە، شیلی کیتڵسۆن، لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا، کیتڵسۆن خۆی وەک رۆژنامەنووسێکی سەربەخۆ و هاووڵاتییەکی ئەمریکی دەناسێنێت کە نیشتەجێی ئیتاڵیایە و لە ساڵی 2015ـەوە لە عێراق کار دەکات. ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە پێشتر لە ئەفغانستان، ئۆکرانیا و سووریاش کاری کردووە و پەیوەندیی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەبووە.

ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێت: "لە ساڵی 2025 بۆ ماوەی سێ مانگ لە سووریا و پاشان لە ئۆکرانیا، لەلایەن ئەفسەرانی ئەمریکییەوە مەشقی هەواڵگریم پێکراوە." هەروەها دەشڵێت: "کونسوڵگەریی ئەمریکا لە بەغدا داوای لێکردم زانیارییان بۆ کۆبکەمەوە لەسەر حەشدی شەعبی و کوتلەکانی بەرگری، بەتایبەتی کەتائیبی حیزبوڵڵا و نوجەبا، و زانیاریی ورد لەسەر (ئەبو ئەحمەد حەمیداوی) و فەرماندەکانی دیکە."

هەروەها بەڵێن دەدات جارێکی دیکە نەگەڕێتەوە و هیچ کارێک نەکات کە زیان بە وڵاتەکەیان بگەیەنێت، هاوکات دەڵێت: "دەزانم ئێوە ڕێزی ئافرەت دەگرن و ئازادم دەکەن."