ترەمپ مەرجی درێژکردنەوەی مۆڵەتەکەی بۆ تاران ئاشکرا دەکات
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، کە واشنتن بە پێی پلانە سەربازییە داڕێژراوەکان دژی ئێران هەنگاو دەنێت، مەگەر ئەوەی تاران لە کاتژمێرەکانی کۆتایی مۆڵەتەکەدا نەرمییەکی کردەیی لە دانوستانەکاندا نیشان بدات کە هاوکێشەی مۆڵەتەکە بگۆڕێت.
سێشەممە، 7ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، ئەمریکا، بە کەناڵی فۆکس نیووزی راگەیاند: ئەگەر دانوستانەکانی نێوان ئێمە و ئێران بەرەوپێشچوونی راستەقینە بەخۆوە ببینن و بگەنە ئەنجامێکی "بەرجەستە"، ئەوا ئەگەری هەیە واشنتن پێداچوونەوە بە وادەی مۆڵەتەکەدا بکات و بیگۆڕێت.
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دایە بەرپرسانی تاران و گوتی: "ئەگەر مۆڵەتەکە بەبێ گەیشتن بە رێککەوتن کۆتایی بێت، ئەوا هێرشێکی سەربازیی وەها دەست پێ دەکەین کە تا ئێستا هاوشێوەی نەبووە و ئێرانییەکان وێنەیان نەدیبێت."
لە درێژەی قسەکانیدا، دۆناڵد ترەمپ دووپاتی کردەوە، کە ئیدارەکەی بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ئەو پلانە ستراتیژییانەی کە بۆ قۆناغی دوای کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکە داڕێژراون.
ئەم لێدوانەی ترەمپ ئاماژەیەکی روونە بۆ ئامادەیی تەواوی سوپای ئەمریکا بۆ هەر پێکدادانێکی سەربازی لە ناوچەکەدا.