کۆشکی سپی: تەنیا ترەمپ دەزانێت بەرامبەر ئێران چی دەکات
کۆشکی سپی رایگەیاند: کە بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە چارەنووسی ململانێکان لەگەڵ ئێران تەنیا لای دۆناڵد ترەمپە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییەکی توند دەدات و رایدەگەیەنێت هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی بە "تاوانی جەنگ" ئەژمار دەکرێت.
رۆژی سێشەممە، 7ـی نیسانی 2026، کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاند: "دەسەڵاتدارانی ئێران تا کاتژمێر 8ـی ئێوارە بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا مۆڵەتی هەیە بڕیاری خۆی بدات و رێککەوتن لەگەڵ واشنتن واژۆ بکات، تەنیا سەرۆکیش ئاگاداری وردەکاریی دۆخەکە و بڕیاری داهاتووە."
لە لایەکی دیکەوە ڤۆڵکەر تورک، کۆمیساری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بە ئامانجگرتنی ئەنقەستی هاووڵاتییانی سڤیل و ژێرخانە مەدەنییەکان، بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە تاوانی جەنگ دادەنرێت".
هاوکات جەختی کردەوە، کە هەر کەسێک بەرپرسیار بێت لەم جۆرە تاوانانە، دەبێت لە دادگا نێودەوڵەتییەکان رووبەڕووی سزا بکرێتەوە.
فۆڵکەر تورک، بەبێ ناوهێنانی راستەوخۆی هیچ وڵاتێک، نیگەرانیی قووڵی خۆی لەو هەڕەشانە دەربڕی کە دەبنە هۆی بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لە نێو هاووڵاتیانی سڤیل و بە "قێزەون" وەسفی کردن.
هاوکات داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەنگاوی بە پەلە بنێن بۆ کەمکردنەوەی ئاستی پەرەسەندنەکان و پاراستنی ژیانی خەڵکی بێتاوان لە ناوچەکەدا.
ئەم هۆشدارییانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس، گوتووبووی: "ئەمشەو شارستانییەتێکی تەواو دەمرێت و هەرگیز ناگەڕێتەوە؛ من ئەمەم ناوێت، بەڵام پێدەچێت رووبدات".
ترەمپ پێشتر هەڕەشەی وێرانکردنی وێستگەکانی وزە و پردە ستراتیژییەکانی ئێرانی کردبوو ئەگەر رێککەوتن نەکرێت.
هاوکات لەگەڵ ئەم جەنگە ساردە و چەند کاتژمێرێک پێش تەواوبوونی مۆڵەتەکە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: کە شەپۆلێکی هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر چەندین "پێگەی ژێرخانی گرنگ" لە سەرانسەری ئێران ئەنجام داوە.