ئەمریکا و ئێران پێداچوونەوە بە پێشنیازی پاکستان بۆ ئاگربەستی کاتی دەکەن
سەرۆکوەزیرانی پاکستان، داوای لە دۆناڵد ترەمپ کرد مۆڵەتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە درێژ بکاتەوە، لە بەرانبەریشدا داوای لە تاران کرد وەک نیشانەی نیازپاکی بۆ هەمان ماوە گەرووی هورمز بکاتەوە; هاوکات واشنتن لە چەند کاتژمێرێکی داهاتوو وەڵامی پێشنیازەکە داتەوە و بەرپرسێکی ئێرانیش دەڵێت: پێداچوونەیەی بۆ دەکەین
سێشەممە 7ـی نیسانی 2026، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا دەسپێشخەرییەکی نوێی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران راگەیاند و بە فەرمی داوای لە هەریەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران کرد، بۆ ماوەی دوو هەفتە هەنگاوی نیازپاکی بنێن تاوەکوو دەرفەت بە رێککەوتنێکی هەمیشەیی بدەن.
سەرۆکوەزیرانی پاکستان ئاشکرای کرد، کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ جەنگەکە بە شێوەیەکی جێگیر و بەهێز بەرەو پێش دەچن و توانای ئەوەیان هەیە لە داهاتوویەکی نێزیکدا ئەنجامی راستەقینە بەدەست بهێنن.
شەهباز شەریف لە پەیامەکەیدا داوای لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد، کە ئەو مۆڵەتەی بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانە وزە و ستراتیژییەکان و پردەکان ئێران دیاری کردووە، بۆ ماوەی دوو هەفتە درێژ بکاتەوە؛ هەروەها داوای لە ئێران کردووە، وەک نیشانەیەک بۆ نیازپاکی، بۆ هەمان ماوەی دوو هەفتە گەرووی هورمز بکەنەوە.
هاوکات کارۆڵاین لێڤت، سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە، ترەمپ، پێشنیازەکەی پاکستانی پێگەیشتووە و لە چەند کاتژمێری داهاتوو وەڵامی دەداتەوە.
بەرپرسێکی باڵای ئێران بە ئاژانسی رۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە تاران بە شێوەیەکی ئەرێنی چاو بە داواکارییەکەی پاکستاندا دەخشێنێتەوە بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی.
سەرۆکوەزیرانی پاکستان جەختی کردەوە، پێویستە هەموو لایەک پابەندی ئاگربەستێکی گشتگیر بن بۆ ماوەی ئەو 14 رۆژە، تاوەکوو دیپلۆماسییەت بتوانێت ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات بۆ گەیشتن بە کۆتاییهێنانێکی یەکلاکەرەوە بە جەنگ.
شەهباز شەریف ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەوڵانەی پاکستان لە پێناو بەرژەوەندیی ئاشتیی درێژخایەن و سەقامگیریی ناوچەکەدایە.
ئەم دەسپێشخەرییەی پاکستان لە کاتێکدایە کە تەنیا چەند کاتژمێرێکی کەم بۆ کۆتایی هاتنی مۆڵەتەکەی ترەمپ ماوە و جیهان بە دڵەڕاوکێوە چاوەڕێی بڕیاری یەکلاکەرەوەی هەردوو جەمسەری جەنگەکە دەکات.