چین و رووسیا پڕۆژەبڕیارێکی بەحرەینیان بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز ڤیتۆ کرد

چین و رووسیا بە بەکارهێنانی مافی ڤیتۆ، پڕۆژەبڕیارێکی بەحرەینیان لە ئەنجوومەنی ئاسایش پەکخست کە داوای کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز و پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی دەکرد.

سێشەممە 7ی نیسانی 2026، چین و ڕووسیا مافی ڤیتۆیان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەکارهێنا بۆ پەکخستنی پڕۆژەبڕیارێکی پێشکەشکراو لە لایەن بەحرەینەوە. پڕۆژەبڕیارەکە داوای دەستەبەرکردنی ئاسایشی کەشتیوانی و کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمزی دەکرد کە بەهۆی جەنگەوە داخراوە.

ئەم دەنگدانە لە میانی دانیشتنێکی تایبەتی ئەنجوومەنی ئاسایشدا هات کە بۆ تاوتوێکردنی لێکەوتە مەترسیدارەکانی داخستنی گەرووی هورمز تەرخانکرابوو. بەکارهێنانی ڤیتۆ لە لایەن مۆسکۆ و پەکینەوە، نیشانەی قووڵیی دابەشبوونی نێودەوڵەتییە بەرانبەر دۆخی جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران.

عەبدوللەتیف زیانی، وەزیری دەرەوەی بەحرەین، لە کاردانەوەیەکدا بەرانبەر شکستی بڕیارەکە رایگەیاند، شکستی ئەنجوومەنی ئاسایش لە گرتنەبەری هەڵوێست، پاشهاتی مەترسیداری بۆ سەر تەواوی مرۆڤایەتی دەبێت. ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەبڕیارەکە هەوڵێکی جددی بوو بۆ چارەسەرکردنی ڕەفتارە دوژمنکارانە و دووبارەبووەکانی ئێران لە رێڕەوە ئاوییەکاندا.

وەزیری دەرەوەی بەحرەین رەخنەی توندی لە تاران گرت و گوتی: پێداگریی ئێران لەسەر هەڕەشەکردن لە ئاسایشی کەشتیوانی نێودەوڵەتی کارێکی کاتی نییە، بەڵکوو پەیڕەوێکی نەرێنیی دۆکیومێنتکراوە. جەختیشی کردەوە کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، ئێران مافی ئەوەی نییە گەرووی هورمز دابخات و وڵاتانی جیهان لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ژیان و وزە بێبەش بکات.

عەبدوللەتیف زیانی دووپاتی کردەوە، گەرووی هورمز بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی نێودەوڵەتییە و داوای لە کۆمەڵگەی جیهانی کرد فشارەکانیان یەکبخەن بۆ گەرەنتی کردنی بەردەوامیی جووڵەی بازرگانی لەم رێڕەوە ستراتیژییەدا، کە پەککەوتنی بووەتە هۆی شڵەژانی بازاڕەکانی جیهان.