ترەمپ بۆ فۆکس نیووز: لەگەڵ ئێران لە گفتوگۆی گەرموگوڕ داین

دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی پاکستان ڕایگەیاند، داوا لە ترەمپ کردووە بۆ دوو هەفتە مۆڵەتەکەی بۆ ئێران درێژ بکاتەوە، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: هێشتا بە تەواو لە ناوەڕۆکی پێشنیازەکە ئاگادار نیم؛ هاوکات لەگەڵ ئێران لە گفتوگۆی گەرموگوڕ داین

سێشەممە 7ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی بۆ تۆڕی فۆکس نیووز ڕایگەیاند، کە وڵاتەکەی ئێستا لە ناوەڕاستی دانوستانێکی زۆر گەرموگوڕ دایە لەگەڵ لایەنی ئێرانی. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی هەستیاریی قۆناغی گفتوگۆکان، ناتوانێت وردەکاریی زیاتر دەربارەی بەرەوپێشچوونەکان ئاشکرا بکات.

سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی داواکارییەکەی پاکستان بۆ درێژکردنەوەی دوا مۆڵەتەکە بۆ ماوەی دوو هەفتە، ڕەتیکردەوە هیچ بڕیارێکی دەستبەجێ ڕابگەیەنێت. ترەمپ گوتی: "بڕیارە بەم زووانە بە تەواوەتی لە ناوەڕۆکی پێشنیازەکە ئاگادار بکرێمەوە، بەڵام دەتوانم ئەوە بڵێم کە سەرۆکوەزیرانی پاکستان زۆر بە باشی دەناسم و ئەو پیاوێکی زۆر جێگەی ڕێزە لە هەموو جیهاندا."

هاوکات، کارۆڵاین لێڤت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی، ڕایگەیاند کە ترەمپ بە فەرمی لە پێشنیازەکەی پاکستان بۆ ئاگربەست ئاگادار کراوەتەوە و دووپاتی کردەوە کە وەڵامی کۆتایی واشنتن لە کاتێکی نزیکدا دەبێت.

هەر ئەمڕۆ سێشەممە شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا دەسپێشخەرییەکی نوێی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران ڕاگەیاند و بە فەرمی داوای لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد، کە ئەو مۆڵەتەی بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانە وزە و ستراتیژییەکان و پردەکان ئێران دیاری کردووە، بۆ ماوەی دوو هەفتە درێژ بکاتەوە؛ هەروەها داوای لە ئێران کردووە، وەک نیشانەیەک بۆ نیازپاکی، بۆ هەمان ماوەی دوو هەفتە گەرووی هورمز بکەنەوە.