سوپای ئیسرائیل هۆشداریی لە زیادبوونی هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتەکەی دەدات
سوپای ئیسرائیل هۆشدارییەکی بەپەلەی بڵاو کردەوە و سەرجەم هێزە بەرگرییە ئاسمانییەکانی خستە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواوەوە. ئەم بڕیارە دوای هەڵسەنگاندنێکی وردی ئەمنی دێت، کە تێیدا پێشبینی دەکرێت لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا ئاستی گرژی و هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە.
سێشەممە 7ـی نیسانی 2026، سوپای ئیسرائیل هۆشدارییەکی بەپەلەی بڵاو کردەوە سەبارەت بە زیادبوونی مەترسیی هێرشە دوژمنکارییەکان بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی. ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە جیهان بە دڵەڕاوکێوە چاوەڕێی کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتە دەکات کە دۆناڵد ترەمپ بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بەسەر تارانیدا سەپاندووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی سوپای ئیسرائیل ، دوای ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ بارودۆخی ئەمنی و سەربازی، پێشبینی دەکرێت لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەکان بەرز ببێتەوە. ئاماژەی بەوە کردووە، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ ئەگەری کۆتاییهاتنی دوا مۆڵەتەکە، ڕەنگە زیادبوونێکی بەرچاو لە ئاراستەکردنی تەقە و مووشەک بەرەو ناوچەکانی ناو خاکی دەوڵەتی ئیسرائیل بەدی بکرێت.
ئەم بارودۆخە نائاساییە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە دوا مۆڵەتەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ ئێرانی دیاری کردووە. مۆڵەتەکە کاتژمێر 03:00ی شەو بە کاتی هەولێر کۆتایی دێت و تێیدا داوا لە تاران کراوە بە شێوەیەکی فەرمی گەرووی هورمز بکاتەوە. واشنتن هۆشداری داوە کە ئەگەر تاوەکوو ئەو کاتە ڕێککەوتن نەکرێت، فەرمانی وێرانکردنی ژێرخانی وزە و گواستنەوەی ئێران دەردەکات.
لە ئێستادا ئیسرائیل هەموو سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواوەوە، چونکە بەرپرسانی ئەمنیی ئەو وڵاتە پێشبینی دەکەن ئێران و گرووپە هاوپەیمانەکانی، وەک وەڵامێک بۆ هەر جووڵەیەکی سەربازیی ئەمریکا، ناوچە مەدەنی و پیشەسازییەکانی ئیسرائیل بکەنە ئامانج.