باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان: هەڕەشەکانی ترەمپ مایەی نیگەرانییە

نوێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش تایبەت بە گەرووی هورمز رایگەیاند، هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە سڕینەوەی شارستانییەتی ئێران مایەی نیگەرانییە. 

ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی نیسانی 2026، ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "ئەمڕۆ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جارێکی دیکە پەنای بردووەتە بەر زمانێک کە نەک هەر بە قووڵی نابەرپرسانەیە، بەڵکوو بە شێوەیەکی مەترسیدار جێگەی نیگەرانییە، کاتێک رایگەیاند کە 'تەواوی شارستانییەت ئەمشەو لەناو دەچێت و هەرگیز ناگەڕێتەوە."

هەروەها گوتی" جێگەی داخ و مەترسییە کە لەبەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان بێشەرمانە و بێباکانە هەڕەشەی وێرانکردنی تەواوی ژێرخانی مەدەنی لە ئێران دەکات، لەوانەش پردەکان، وێستگەکانی کارەبا و دامەزراوەکانی وزە، ئەوەش لە رێگەی دیاریکردنی وادەیەکەوە؛ بەمەش بە ئاشکرا نییەتی خۆی بۆ ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتی ئاشکرا دەکات."