عێراقچی: دانوستان لەسەر پێشنیازە 15 خاڵییەکەی ئەمریکا دەکەین

وەزیری دەرەوەی ئێران، راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە، تێیدا رەزامەندیی وڵاتەکەی بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و کردنەوەی گەرووی هورمز نیشان دا. ئەم بڕیارە وەک وەڵامێکی ئەرێنی بۆ دەسپێشخەرییەکەی پاکستان و قبووڵکردنی بنەماکانی دانوستان لەلایەن واشنتنەوە دێت.

چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیەندراوەکەدا، بە ناوی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆی ئاراستەی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان و مارشاڵ عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای ئەو وڵاتە کرد. وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە هەوڵە ماندووبوونەناسانەکانی پاکستان رۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە نزیککردنەوەی لایەنەکان و هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ناوچەکەدا.

لە پەرەسەندنێکی گرنگی دیپلۆماسیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، بڕیارەکەی تاران دوای ئەوە هاتووە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە فەرمی چوارچێوەی گشتیی پێشنیازە 10 خاڵییەکەی ئێرانی وەک بنەمایەک بۆ دانوستان قبووڵ کردووە. هاوکات، ئێران ئامادەیی نیشانداوە دانوستان لەسەر پێشنیازە 15 خاڵییەکەی ئەمریکاش بکات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ دروستبوونی زمانێکی هاوبەش لە نێوان هەردوو جەمسەری جەنگەکەدا.

عێراقچی بە نوێنەرایەتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، مەرجەکانی ئاگربەستەکەی ڕاگەیاند و گوتی: "ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر ئێران رابگیرێن، هێزە چەکدارە بەهێزەکانمان ئۆپەراسیۆنە بەرگرییەکانیان رادەگرن."

سەبارەت بە رێڕەوی وزەی جیهانیش، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی دا بۆ ماوەی دوو هەفتە، تێپەڕبوونی سەلامەت بە ناو گەرووی هورمزدا دەستەبەر دەکرێت. بەڵام جەختی کردەوە کە ئەم پڕۆسەیە دەبێت بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ئێران ئەنجام بدرێت و ڕەچاوی "سنووردارییە تەکنیکییەکان" بکرێت کە بەهۆی بارودۆخی جەنگەوە دروست بوون.