ئەسۆشیەیتد پرێس: ئێران و عومان سەرانە دەخەنە سەر تێپەڕینی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز

ئەسۆشیەیتد پرێس ئاماژەی داوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان واشنتن و تاران، بڕیار درا گەرووی هورمز لە رێڕەوێکی ئاویی ئازادەوە بگۆڕدرێت بۆ رێڕەوێکی خاوەن باج و رسوومات کە داهاتەکەی بۆ ئێران و عومان دەبێت.

چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، باڵای ناوچەیی بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس راگەیاندووە، وەک بەشێک لە پلانی ئاگربەستی دوو هەفتەیی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران، بڕیار دراوە رێگە بە هەریەکە لە تاران و مەسقەت بدرێت باج و رسوومات لەو کەشتییانە وەربگرن کە بە گەرووی ستراتیژیی هورمزدا تێدەپەڕن.

ئەم هەنگاوە گۆڕانکارییەکی رادیکاڵییە لە پێگەی نێودەوڵەتیی ئەم رێڕەوە ئاوییەدا. گەرووی هورمز کە دەمی تەنگی کەنداوە و دەکەوێتە نێوان ئاوە هەرێمییەکانی ئێران و عومان، پێشتر لەلایەن تەواوی جیهانەوە وەک رێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتیی ئازاد تەماشا دەکرا و لە مێژووی نوێدا هیچ کەشتییەک لە بەرانبەر تێپەڕبوون تێیدا پارەی نەداوە.

ئەو بەرپرسە ئاماژەشی داوە، ئێران پلانی هەیە ئەو داهاتە داراییەی لە وەرگرتنی سەرانەی کەشتییەکان دەستی دەکەوێت، بۆ پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی وڵات بەکاری بهێنێت کە لە ماوەی جەنگدا زیانی بەرکەوتووە. هەرچەندە تاوەکوو ئێستا روون نییە دەسەڵاتدارانی عومان داهاتەکەیان لە چ بوارێکدا خەرج دەکەن.

چاوەڕوان دەکرێت ئەم بڕیارە کاردانەوەی زۆری کۆمپانیا گەورەکانی کەشتیوانی و بازرگانیی نێودەوڵەتی لێ بکەوێتەوە، چونکە تێچووی گواستنەوەی نەوت و کاڵاکان بۆ سەرانسەری جیهان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە، بەڵام ئێستا وەک تاکە دەرچە بۆ سەرخستنی ئاگربەستە دوو هەفتەییەکە تەماشا دەکرێت.