وڵاتان پێشوازی لە راگرتنی جەنگ دەکەن
راگەیاندنی ئاگربەستی دوو هەفتەیی لە نێوان ئەمریکا و ئێران پێشوازییەکی بەرفراوانی نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە.
سەرکردە و رێکخراوە جیهانییەکان هیوایان خواست ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتایەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و ئاساییکردنەوەی هاتوچۆی دەریایی لە ناوچەکەدا بەتایبەتی لە گەرووی هورمز.
ئەڵمانیا
راوێژکاری ئەڵمانیا، فریدریش مێرتس، رایگەیاند، رێوشوێنی گونجاو دەگرنەبەر بۆ گەرەنتینەکردنی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز.
ئاماژەی بەوەش دا، ئامانجی سەرەکی لەم قۆناخەدا دەبێت گەیشتن بێت بە دانوستان بۆ کۆتاییهێنانی هەمیشەیی جەنگ لە ئێران.
نەتەوە یەکگرتووەکان
ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پەیامێکدا پێشوازی لە ئاگربەستە دوو هەفتەییەکەی کرد و ئەوەشی خستە روو، داوا لە لایەنەکانی ململانێکە دەکەن پابەندی بەڵێنەکانیان بن بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مەرجەکانی ئاگربەستەکە جێبەجێ بکەن.
جەختی لەوەش کردەوە، راگرتنی کردەوە سەربازییەکان کارێکی زۆر پێویستە بۆ پاراستنی گیانی سڤیلەکان و کەمکردنەوەی نەهامەتییە مرۆییەکان.
هاوکات ستایشی هەوڵەکانی پاکستان و وڵاتانی دیکەی کرد بۆ ئاسانکاریکردن لە راگرتنی جەنگ.
بەریتانیا
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بڵاویکردەوە، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، کێر ستارمەر پێشوازی لە رێککەوتنەکە کردووە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، کێر ستارمەر بەپەلە سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە وڵاتانی کەنداو بۆ گەرەنتینەکردنی کرانەوەی گەرووی هورمز بە شێوەیەکی هەمیشەیی.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا خۆیشی لە راگەیەنراوێکدا، رایگەیاند، پێشوازی لەم رێککەوتنە دەکات لەبەرئەوەی دەبێتە هۆی کەمێک ئارامی بۆ ناوچەکە و تەواوی جیهان.
ژاپۆن
گوتەبێژی حکوومەتی ژاپۆن، مینۆرو کیهارا، رایگەیاند، تۆکیۆ پێشوازی لە راگرتنی کاتیی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر ئێران دەکات.
ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕێ دەکەن ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی لە گفتوگۆکانی رۆژی هەینی نێوان واشنتن و تاران.
کیهارا بڕیارەکەی بە هەنگاوێکی ئەرێنی وەسف کرد و هیوای خواست گرژییەکان کەم ببنەوە. ئاشکراشی کرد، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، سانای تاکایچی هەوڵ دەدات گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان بکات.
میسر
وەزارەتی دەرەوەی میسر لە راگەیەنراوێکدا، روونیکردەوە، قاهیرە پێشوازی لە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا دەکات بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆ ماوەی دوو هەفتە.
وەزارەتەکە ئەم هەنگاوەی بە پێشهاتێکی "گرنگ و ئەرێنی" زانی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی ئاسایشی گەلانی ناوچەکە و جیهان.
جەختی لەوەش کردەوە، بەدەمەوەچوونی ئێران بۆ بڕیارەکە دەرفەتێکی زێڕینە و دەبێت بقۆزرێتەوە بۆ رێگەدان بە دانوستان و دیپلۆماسی و چارەسەرکردنی کێشەکان بە رێگەی ئاشتییانە، هەروەها داوای پابەندبوونی تەواوی کرد بە راگرتنی شەڕ و پاراستنی ئازادیی هاتوچۆی نێودەوڵەتی.
عوممان
وەزارەتی دەرەوەی عمومان، ئاماژەی بەوە دا، پێشوازی لە راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکەن.
لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتەکە ستایشی هەوڵەکانی پاکستانی کرد لەم چوارچێوەیەدا لەگەڵ سەرجەم ئەو لایەنانەی داوای راگرتنی جەنگیان دەکرد.
داواشی کرد هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی بۆ قەیرانەکە و راگرتنی هەمیشەیی جەنگ و کردەوە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا.
سعوودییە
ئەمڕۆ چوارشەممە 08ی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لە راگەیەنراوێکدا پشتیوانیی خۆی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی هەمیشەیی نێوان ئەمریکا و ئێران دەربڕی.
فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیە، ئاماژەی بەوە دا، پشتگیری لە هەر هەنگاوێک دەکەن چارەسەری ئەو کێشانە بکات لە دەیان ساڵی رابردوودا بوونەتە هۆی تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا وەزیری دەرەوەی سعوودیە، روونیشی کردەوە، شانشینی سعوودیە جەخت لە پێویستیی هێشتنەوەی تەنگەی هورمز بە کراوەیی بە رووی هاتوچۆی دەریاییدا دەکاتەوە.
سەبارەت بە رۆڵی وڵاتانی نێوەندگیر، فەیسەڵ بن فەرحان، رایگەیاند، ستایشی هەوڵە بەردارەکانی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان و عاسم مونیر، سوپاسالاری ئەو وڵاتە دەکەن بۆ راگرتنی جەنگ. ئەوەشی خستە روو، هیوادارن سەرجەم ئەو هێرش و سیاسەتانە رابگیرێن زیان بە سەروەری و ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە دەگەیەنن
ئیندۆنیزیا
وەزارەتی دەرەوەی ئیندۆنیزیا، رایگەیاند، پێشوازی لە بڕیاری ئاگربەستەکە دەکەن. وەزارەتەکە داوای لە هەموو لایەنەکان کرد رێز لە سەروەریی و سەلامەتیی خاکی وڵاتان بگرن و پەنا بۆ رێگەچارەی دیپلۆماسی ببەن بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان.
ئەوەی پێویستە لەبارەی ئاگربەستی ئێران و ئەمریکا بیزانیت
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە (8ی نیسانی 2026)، لە کاژێر 3:00ـەوە، ئاگربەستێکی دوولایەنەی 14 رۆژە لە نێوان ئەمریکا و ئێران چووە بواری جێبەجێکردنەوە. بڕیارە رۆژی هەینی، بە نێوەندگیریی پاکستان، گفتوگۆی راستەوخۆی هەردوو وڵات لە ئیسلامئابادی پایتەخت دەستپێبکات، بە مەبەستی واژۆکردنی رێککەوتنێکی ئاشتیی درێژخایەن.
جەنگی نێوان ئێران و بەرەی مقاوەمە لە عێراق، لوبنان و یەمەن لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکرد و نزیکەی 40 رۆژی خایاند. ئەم جەنگە بووە بەهۆی داخرانی تەنگەی هورمزەوە بۆ ماوەی پێنج هەفتە و لە ئەنجامدا قەیرانی ئابووریی ناوچەکەی گرتبووەوە، بەڵام راگەیاندنی ئەم ئاگربەستە، راستەوخۆ بووە هۆی بووژانەوەی بۆرسەکانی جیهان و دابەزینی نرخی نەوت.
مەرجەکانی ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رێککەوتنەکەی بە "سەرکەوتنی 100٪ی بێگومان" و پێکانی سەرجەم ئامانجە سەربازییەکان وەسف کرد.
بڕیاری ئاگربەستەکە تەنیا چەند 90 خولەک پێش کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتە درا کە ترەمپ بۆ وێرانکردنی وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئێران داینابوو.
مەرجی سەرەکیی واشنتن بۆ ئاگربەستەکە، رەزامەندیی تارانە بۆ کردنەوەی "تەواوەتی، دەستبەجێ و سەلامەت"ـی تەنگەی هورمز بە رووی کەشتیوانیی جیهانیدا؛ هاوکات ئەمریکا بەڵێنی داوە راستەوخۆ هاوکار بێت لە چارەسەرکردنی ئەو جەنجاڵییەی لە تەنگەکەدا دروست بووە.
مەرجەکانی ئێران
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە راگەیەنراوێکدا قۆناخەکەی وەک "شکستپێهێنانی پیلانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە رووبەڕووبوونەوەیەکی مێژووییدا" ناساند. تاران دەڵێت لە ژێر گوشاری سەربازی و سیاسیی 40 رۆژی رابردوودا، ئەمریکا ناچار بووە پێشنیازە 10 خاڵییەکەی ئێران قبووڵ بکات، کە گرنگترینیان بریتین لە:
- پابەندبوونی ئەمریکا بە هێرشنەکردنە سەر ئێران و کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی لە ناوچەکە.
- بەردەوامیی کۆنترۆڵی ئێران بەسەر تەنگەی هورمز و داننان بە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم.
- هەڵگرتنی گشت گەمارۆ ئابوورییەکان و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش.
- قەرەبووکردنەوەی زیانەکان.
- راگرتنی شەڕ لە هەموو بەرەکان، بەتایبەتی لە لوبنان.
هەڵوێستی ئیسرائیل
چەند کاتژمێرێک دوای راگەیاندنی ئاگربەستەکە؛ نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا پێشوازی لە رێککەوتنەکەی ئەمریکا و ئێرانی کرد.
نووسینگەی ناتانیاهۆ جەختی کردووەتەوە، رێککەوتنی ئاگربەست بەرەی لوبنان ناگرێتەوە و بەردەوام دەبن لە شەڕکردن لە دژی حزبوڵلای لوبنانی تا هەموو توانا مووشەکی و درۆنییەکانیان لەنێو دەبەن.
بە گوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل؛ ناتانیاهۆ و ترەمپ پێشتر هەماهەنگییان بۆ راگەیاندنی ئاگربەستەکە کردبوو، بەڵام مەرجی سەرەکیی تەلئەڤیڤ بۆ رێککەوتن، بریتی بووە، لە راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە لایەن ئێرانەوە، هاوکات سنووردارکردنی توانا مووشەکییە بالیستییەکانی ئەو وڵاتە.
لە لایەکی دیکەوە، یائیر لابید، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل، هێرشێی کردە سەر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی و تۆمەتباری کرد بەوەی بووەتە هۆی دروستبوونی کارەساتێکی سیاسی لە مێژووی ئیسرائیلدا و شکستی ستراتیژی گەورەی بەسەر وڵاتەکەدا هێناوە.