ناتانیاهۆ: لە هەر ساتێکدا بێت ئامادەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانین

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند، ئێران لەژێر گورزە سەربازییەکاندا تووشی داڕمان بووە و جەختی کردەوە کە دەبێت تەواوی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە خاکی ئەو وڵاتە دەربکرێت، چ لە ڕێگەی دیپلۆماسی بێت یان بە دەستپێکردنەوەی جەنگ. هاوکات هۆشداری دا کە ئاگربەستە کاتییەکە بە واتای کۆتاییهاتنی ئەرکەکانیان نایەت و سوپای ئیسرائیل هێشتا دەستی لەسەر پەلەپیتکەیە بۆ هەر ئەگەرێکی تێکچوونی پڕۆسەکە

چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە گوتارێکیدا دەربارەی دەرەنجامەکانی جەنگی دژی ئێران، رایگەیاند تاران لەژێر فشارە سەربازییەکاندا تووشی داڕمان بووە و جەختی کردەوە کە هەر ڕێککەوتنێکی داهاتوو دەبێت گەرەنتی دەرهێنانی تەواوەتیی یۆرانیۆمی پیتێنراو لەناو خاکی ئێران بکات

ناتانیاهۆ، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو ماددە ئەتۆمییە پیتێنراوانەی ئێستا لەناو ئێراندا ماونەتەوە، دەبێت بە تەواوەتی لەو وڵاتە دەربکرێن؛ گوتیشی: ئەم کارە یان لە رێگەی رێککەوتن و لێکتێگەیشتنەوە ئەنجام دەدرێت، یان لە رێگەی دەستپێکردنەوەی جەنگ، چونکە ئێمە رێگە نادەین تاران مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئێمە و جیهان دروست بکات."

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ستایشی پەیوەندیی نێوان تەل ئەڤیڤ و واشنتنی کرد و گوتی: "هاوبەشیی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا دژی گەورەترین دوژمنمان، شتێکە کە لە مێژووی ئیسرائیلدا هاوشێوەی نەبووە." ناتانیاهۆ پەردەی لەسەر پەیوەندیی نزیکی خۆی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لادا و ئاشکرای کرد رۆژانە پێکەوە قسە دەکەن

ناتانیاهۆ باسی لەوەش کرد، لە ماوەی تەنیا 10 خولەکدا توانیویانە 100 ئامانجی جیاواز لەناو خاکی ئێراندا بپێکن، تەنانەت ئەو شوێنانەشی کە تاران پێی وابوو تۆکمە و پارێزراون. ئاشکرای کرد، هەزاران فەرماندە و ئەندامی سوپای پاسدارانیان کوشتووە و دەستیان گەیشتووەتە سەرکردە باڵاکان و تەنانەت خێزانەکانیشیان، بە جۆرێک ئێستا ئێران لە هەموو کاتێک لاوازتر".

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە کە ئاگربەستە کاتییەکە بە واتای کۆتاییهاتنی ئەرکەکانیان نایەت و سوپای ئیسرائیل دەستی لەسەر پەلەپیتکەیە بۆ هەر ئەگەرێکی تێکچوونی پرۆسەی دیپلۆماسی، تاوەکو گەیشتن بە تەواوی ئەو ئامانجانەی کە واشنتن و تەلئەڤیڤ لەسەری رێککەوتوون.