پاکستان: پێویستە دەستبەجێ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان رابگیرێن
سەرۆککۆماری ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پاکستان، جەختی لەوە کردەوە کە قبووڵکردنی دەسپێشخەریی ئاگربەست لە لایەن تارانەوە نیشانەی پەرۆشی وڵاتەکەیەتی بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.
چوارشممە، 8ـی نیسانی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران و شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و هەوڵەکانی پاکستانیان بۆ راگرتنی جەنگ تاوتوێ کرد.
لەو پەیوەندییەدا، پزیشکیان سوپاسی هەوڵە بنیاتنەرەکانی حکوومەتی پاکستان و بە تایبەت سەرۆکوەزیران و فەرماندەی سوپای ئەو وڵاتەی کرد بۆ گەیشتن بە ئاگربەست.
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، کە سەرەڕای مێژووی ئەمریکا لە پێشێلکردنی بەڵێنەکان، بەڵام ئێران بە روانگەیەکی بەرپرسیارانە پێشنیاری ئاگربەستی قبووڵ کردووە. پزیشکیان جەختی کردەوە، کە ئەم هەڵوێستە مەرجدارە بە "پابەندیی راستەقینەی لایەنە نەیارەکان بە بەڵێنەکانیان".
سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند: "کۆماری ئیسلامیی ئێران بە توندی وەڵامی هەر هێرش و پەلامارێک دەداتەوە ئەگەر دووبارە بکرێتە سەری."
پزیشکیان ئاماژەی بە پلانی 10 خاڵیی ئێران کرد و رایگەیاند: کە "راگرتنی شەڕ لە لوبنان" یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی تاران بۆ جێگیربوونی ئاگربەست.
هاوکات دەشڵێت: قبووڵکردنی دەسپێشخەریی ئاگربەست لە لایەن تارانەوە نیشانەی پەرۆشی وڵاتەکەیەتی بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.
لای خۆیەوە شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، وێڕای دەربڕینی سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی رێبەری باڵای ئێران و فەرماندە سەربازییەکان، دەستخۆشی لە ئیرادەی ئێران کرد بۆ قبووڵکردنی نێوەندگیرییەکەی پاکستان.
سەرۆکوەزیرانی پاکستان جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دەستبەجێ رابگیرێن وەک بەشێک لە مەرجەکانی ئاگربەست، و ئامادەیی ئیسلام ئابادیشی بۆ هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بۆ چەسپاندنی ئاشتی دەربڕی.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، کۆتایی بە جەنگی 39 رۆژە لەگەڵ ئێران هێنا و بۆ ماوەی دوو هەفتە ئاگربەستی راگەیاند.
لە چوارچێوەی ئاگربەستەکەدا واشنتن و تاران بە مەرجەکانی یەکدی رازی بوون و بڕیاریشە شەممەی داهاتوو 18ـی نیسانی 2026، دانوستانی نێوانیان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوە بچێت.