عێراقچی: جیهان چاوەڕێی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی ئەمریکایە بەرامبەر ئاگربەستەکە
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، بژاردەکانی بەردەم واشنتن تەنیا دوو بژاردەن؛ یان ئاگربەست یان بەردەوامیی جەنگ لە رێگەی ئیسرائیلەوە.
چوارشەممە، 8ـی نیسانی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیویەتی: جیهان چاوەڕێی هەڵوێستی کردەیی ئەمریکایە بەرامبەر بە پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی.
عێراقچی جەختی کردەوە، کە مەرجەکانی ئاگربەست لە نێوان ئێران و ئەمریکا تەواو روون و ئاشکران. گوتیشی: "پێویستە ئەمریکا بڕیاری خۆی بدات و لە نێوان ئاگربەست یان بەردەوامیی جەنگ لە رێگەی ئیسرائیلەوە یەکێکیان هەڵبژێرێت، چونکە هیچ بوارێک بۆ سازش و رێککەوتن لە ناوەندی ئەم دوو بژاردەیەدا بوونی نییە."
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، کە رای گشتیی جیهان بە وردی چاودێری ئەو کۆمەڵکوژییانە دەکەن کە لە لوبنان ئەنجام دەدرێن و جەختی کردەوە کە "تۆپەکە ئێستا لە گۆڕەپانی ئەمریکادایە"، جیهانیش چاوەڕێیە بزانێت ئایا واشنتن پابەندی بەڵێنەکانی دەبێت یان نا.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە هەر یەکە لە ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە نێوەندگیریی وڵاتی پاکستان، لەسەر ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی رێککەوتن.
ئەم هەنگاوە وەک دەرفەتێک دەبینرێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگێکی وێرانکەری 39 رۆژی، کە بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و دروستکردنی ئاڵۆزییەکی بێوێنە لە بازاڕی وزەی جیهانی و تێکچوونی سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.