جەی دی ڤانس: ئێرانییەکان لە مەرجەکان هەڵە تێگەیشتوون

جێگری سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند تاران لە مەرجەکانی ئاگربەستەکە هەڵە تێگەیشتووە و جەختی کردەوە کە ئەم رێککەوتنە بە هیچ شێوەیەک وڵاتی لوبنان ناگرێتەوە، هاوکات ئاشکرای کرد، ئامانجی سەرەکییان لە دانوستانەکان کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی سووتەمەنییە ئەتۆمییەکانی ئێرانە و تەنیا لە بەرانبەر پابەندبوونی یەکلاکەرەوەی تاراندا، سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیە باس لە کەمکردنەوەی سزاکان و هاوبەشیی ئابووری بکات.

چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رایگەیاند هەڵەتێگەیشتنێکی جددی لە لایەن ئێرانەوە هەیە سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئاگربەستەکە و جەختی کردەوە کە ئەم رێککەوتنە وڵاتی لوبنان ناگرێتەوە.

ڤانس ئاماژەی بەوە کرد، لایەنی ئێرانی وەها تێگەیشتووە کە ئاگربەستەکە لوبنانیش دەگرێتەوە، بەڵام گوتی: "ئێمە هەرگیز بەڵێنێکی لەو شێوەیەمان نەداوە. ئەوەی لەسەری رێککەوتووین، ئاگربەستێکە کە سەرنجی لەسەر ئێران و هاوپەیمانەکانی ئەمریکایە، لەوانەش ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیی کەنداو."

ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسرائیل تەنیا پێشنیازی دانبەخۆداگرتنی لە لوبنان کردووە بۆ ئەوەی رێگە بۆ سەرکەوتنی دانوستانەکان خۆش بکات، نەک ئەوەی لوبنان ببێتە بەشێک لە ئاگربەستە فەرمییەکە.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئاماژەکانی کردنەوەی گەرووی هورمز دەرکەوتوون و نرخی نەوت و غاز لە بازاڕە جیهانییەکاندا رووی لە دابەزین کردووە. ڤانس رایگەیاند، ئێرانییەکان بەڵێنیان داوە گەرووەکە بکەنەوە و ئێمەش لە بەرانبەردا رازی بووین بە ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی تاوەکوو دەرفەت بدەینە دیپلۆماسییەت.

ڤانس هۆشداری دایە تاران، ئەگەر بییەوێت بەهۆی پرسی لوبنانەوە، کە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بەم جەنگەوە نییە، دانوستانەکان پەکبخات، ئەوا بڕیارێکی گەمژانە دەبێت. گوتیشی: ئێمە تەواوی ئامانجە سەربازییەکانی خۆمان پێکاوە و ئامادەین بۆ بەردەوامبوون ئەگەر تاران پابەند نەبێت بە مەرجەکانی ئاشتی.

ڤانس راشیگەیاند، کە یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی سەر مێزی دانوستان ئەوەیە کە ئێران نەتوانێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا دەیەوێت تەواوی سووتەمەنییە ئەتۆمییەکانی ئێران کۆنتڕۆڵ بکات، کە ئەمەش یەکێکە لەو خاڵانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە روونی جەختی لێ کردووەتەوە.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان کۆمەڵێک داواکاریی دیاریکراوی هەیە، و لە بەرانبەریشدا ئێران دەتوانێت هەندێک دەستکەوت بەدەستبهێنێت. گوتیشی: هەرچی ئێرانییەکان زیاترمان پێ بدەن، ئەوا زیاتر لەم دانوستانانەدا بەدەست دەهێنن." ئاماژەی بەوەش کرد، ترەمپ ئامادەیە باس لە کەمکردنەوەی سزاکان و هاوبەشیی ئابووری بکات، بەڵام ئەمە تەنیا لە کاتێکدا دەبێت کە تاران پابەندبوونێکی یەکلاکەرەوە نیشان بدات بۆ راگرتنی هەر هەوڵێک کە پەیوەندی بە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمییەوە هەبێت.

ڤانس باسی لەوەش کرد، ترەمپ هەموو کارتەکانی بەدەستەوەیە؛ ئێمە خاوەنی کارت و فشاری ئابووری و سەربازیی یەکجار گەورەین." جەختی کردەوە کە ئێستا ئەمریکا لە شوێنێکی زۆر گونجاودایە بۆ بەڕێوەبردنی دانوستانەکان و گەشبینی خۆی نیشاندا کە بتوانن بگەنە رێککەوتنێک کە خزمەت بە ئاسایشی گەلی ئەمریکا بکات.

ڤانس بە تەنزەوە باسی لەو ڕەشنووسە 10 خاڵییە کرد کە ئێران پێشکەشی کردبوو و گوتی: راستگۆ بم، پێمان وایە ئەو پێشنیازە یەکەمەی تاران پێشکەشی کردبوو رەنگە بە (ChatGPT) نووسرابێت. هەر بۆیە راستەوخۆ فڕێمان دایە ناو تەنەکەی خۆڵەوە و رەتمان کردەوە.

ئاشکراشی کرد، ئێستا پێشنیازێکی دیکەی 10 خاڵی لە ئارادایە کە عەقڵانیترە و بە هەماهەنگی لەگەڵ پاکستان داڕێژراوە، کە تڕەمپیش ئاماژەی پێداوە، بەڵام هاوکات هۆشداری دا کە لیستێکی دیکەی خەیاڵی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبووەتەوە کە هیچ بنەمایەکی نییە.

ڤانس بە توندی هێرشی کردە سەر محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و گوتی: "لەو بڕوایەدام قالیباف لە ئینگلیزی تێناگات، چونکە ئەو قسانەی دەربارەی پێشێلکاریی ئاگربەست دەیکات، هیچ مانایەکی نییە لە چوارچێوەی ئەو دانوستانانەی کە کردوومانە. ئەو جەختی کردەوە کە ئاگربەست لە سەرەتادا هەمیشە کەمێک پشێوی تێدەکەوێت.

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا هێشتا هەڕەشەی سڕینەوەی شارستانییەتی ئێران لەسەر مێزە، ڤانس گوتی: سەرکردایەتی ئێران بەرپرسیارن لەو بارودۆخەی وڵاتەکەی تێدایە. دووپاتی کردەوە کە تەنیا لە ئەگەرێکدا تڕەمپ سزاکان لادەبات و هاوبەشی ئابووری دەکات کە تاران پابەندبوونێکی بێ مەرج نیشان بدات بۆ ڕاگرتنی هەر پڕۆژەیەکی ئەتۆمی.