قالیباف: ئەمریکا 3 خاڵی رێککەوتنەکەی پێشێل کردووە

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاشکرای کرد، کە سەرەڕای ئەوەی ترەمپ رێککەوتنی "10 خاڵی" ئێرانی وەک بناغەیەکی کارا بۆ گفتوگۆ ناساندووە، بەڵام ئەمریکا پێش دەسپێکردنی دانوستانەکان، بەزاندنی سەروەریی خاکی ئێران و پێشێلکردنی ئاگربەستی لوبنانی کردووەتە پیشەی خۆی.

چوارشەممە، 8ـی نیسانی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، پەیامێکی سەبارەت بە پێشێلکردنی سێ خاڵی سەرەکی لە رێککەوتنی "10 خاڵی" لە لایەن ئەمریکاوە بڵاو کردەوە.

قالیباف ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەو "بێمتمانەییە مێژووییە قووڵەی" ئێران بەرامبەر بە ئەمریکا هەیەتی، لە پێشێلکارییە بەردەوامەکانی واشنتنەوە سەرچاوە دەگرێت بۆ هەموو جۆرە پابەندییەک، کە بەداخەوە جارێکی دیکە ئەم رەفتارە دووپات بووەتەوە.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران تیشکی خستە سەر ئەوەی کە سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا رێککەوتنی 10 خاڵیی ئێرانی وەک "بناغەیەکی کارا بۆ دانوستان" ناساندووە، بەڵام سێ خاڵی گرنگی ئەم پێشنیازە پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکان پێشێل کراون، کە بریتین لە:

1-پێشێلکردنی ئاگربەستی لوبنان؛ جێبەجێنەکردنی خاڵی یەکەم سەبارەت بە ئاگربەستی لوبنان، لە کاتێکدا شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان بە روونی ئاماژەی بە "ئاگربەستی دەستبەجێ لە هەموو شوێنێک، بە لوبنانیشەوە" دابوو.

2-بەزاندنی سەروەریی ئاسمانی؛ چوونە ناوەوەی درۆنێک بۆ ناو ئاسمانی ئێران، کە لە پارێزگای فارس تێکشکێنرا، ئەمەش پێشێلکردنێکی روونی ئەو خاڵەیە کە قەدەغەی هەر جۆرە بەزاندنێکی ئاسمانی دەکات.

3-نکۆڵیکردن لە مافی پیتاندن؛ پێشێلکردنی خاڵی شەشەمی چوارچێوەی رێککەوتنەکە کە تێیدا جەخت لەسەر مافی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم کرابووەوە.

قالیباف، لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی کردەوە، کە کاتێک بناغە و چوارچێوەی دانوستانەکان بەم شێوەیە لە لایەن ئەمریکاوە پێشێل دەکرێن، ئەوا لە بارودۆخێکی وەهادا "ئەنجامدانی ئاگربەستێکی دوولایەنە یان دەسپێکردنی هەر جۆرە دانوستانێک، کارێکی نالۆژیکی و نادروستە".

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، کۆتایی بە جەنگی 39 رۆژە لەگەڵ ئێران هێنا و بۆ ماوەی دوو هەفتە ئاگربەستی راگەیاند.

لە چوارچێوەی ئاگربەستەکەدا واشنتن و تاران بە مەرجەکانی یەکدی رازی بوون و بڕیاریشە شەممەی داهاتوو 18ـی نیسانی 2026، دانوستانی نێوانیان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوە بچێت.