باینانس گەورەترین دزیی کریپتۆ لە مێژوودا رادەگەیەنێت و کۆریای باکوور تۆمەتبار دەکرێت
پلاتفۆڕمی ئاڵوگۆڕی دراوی دیجیتالی "باینانس" رایگەیاند، لە ئەنجامی "رووداوێکی ئەمنی" کە دەردەکەوێت گەورەترین دزیی کریپتۆ بێت لە مێژوودا، بڕی نزیکەی 6.3 ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانی بەکارهێنەران دزراوە و کۆمپانیاکەش کۆریای باکوور تۆمەتبار دەکات.
گەورەترین سەکۆی ئاڵوگۆڕی کریپتۆ لە جیهاندا رایگەیاند، سەرجەم پرۆسەکانی ئاڵوگۆڕی پارەی راگرتووە، هەروەها دوای دەرکەوتنی ئەم هاککردنە نزیکەی سێ ملیار دۆلاری راگرتووە.
باینانس ئاماژەی بەوە داوە، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان نیشانی دەدەن هاککەرێک توانیویەتی لە رێگەی دەستگەیشتن بە لاپتۆپێکی هاكکراوی یەکێک لە ئەندازیارانەوە، توانیویەتی ئاڵوگۆڕێکی بێ مۆڵەت ئەنجام بدات.
کۆمپانیاکە جەختی کردەوە کە سەرجەم زیانەکان دەگرێتە ئەستۆ و سەرمایەی بەکارهێنەرانیش "پارێزراوە". باینانس لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "تیمەکانمان بە شەو و رۆژ کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بە شێوەیەکی ئارام و بەرفراوان، و لە نزیکەوە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە هێزە ئەمنییەکاندا کار دەکەین بۆ پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەی ئەم تاوانبارانە و رادەستکردنیان بە دادگا."
کۆمپانیاکە ئەوەشی خستەڕوو، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، زانیاریی وردی تەکنیکی بڵاودەکاتەوە. هاوکات چانگپێنگ ژاو، دامەزرێنەر و گەورە پشکداری باینانس پێشتر رایگەیاندبوو ئاماژەکان نیشان دەدەن سەکۆکە رووبەڕووی هاککردن بووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، کۆمپانیای (TRM) بۆ زانیارییەکانی بلۆکچێن لە راپۆرتێکدا پشتڕاستی کردەوە هێرشەکە لەلایەن یەکەی هاکی کۆریای باکوورەوە ئەنجامدراوە کە بە (Trader Traitor) ناسراوە و لەلایەن لێکۆڵەرانەوە بە گرووپی (Lazarus) دەبەسترێتەوە.
ئاری رێدبۆرد، بەرپرسی سیاسەتی جیهانی لە TRM ئەم هێرشەی بە "بێپێشینە" و "خاڵی وەرچەرخان" وەسف کرد و رایگەیاند: "کاتێک کۆریای باکوور بەم ئاستە گەورەیە دزی دەکات، پارەکە بۆ پەرەپێدانی چەک و چالاکی سەقامگیرکەر بەکاریدێنێت. ئەمەش بابەتەکە دەکاتە کێشەیەکی ئەمنی جیهانی، نەک تەنیا دزینی کریپتۆ."
دوای ئەم رووداوە، نرخی بیتکۆین کە بەناوبانگترین دراوی دیجیتاڵییە لە جیهاندا، بە رێژەی نزیکەی 5% دابەزی و گەیشتە خوار 77,000 دۆلار.
ئەم هاککردنەی باینانس ریکۆردی پێشووی دزینی کریپتۆ تێدەپەڕێنێت، کە لە ساڵی 2025 تۆمارکرابوو کاتێک گرووپی Lazarusی سەر بە کۆریای باکوور بڕی 1.5 ملیار دۆلاری لە سەکۆی Bybit دزی.
بەگوێرەی راپۆرتی تاوانی کریپتۆ لە ساڵی 2026 کە لەلایەن TRM ئامادەکراوە، تاوانبارانی سایبەری لە نزیکەی 150 رووداوی هاککردندا لە ساڵی 2025دا بڕی 2.87 ملیار دۆلار سەرمایەی کریپتۆیان دزیوە.