ئێران هۆشداریی لە هەبوونی 'مین' لە گەرووی هورمز دەدات
دەستەی بەندەرەکان و دەریاوانیی ئێران، ئاگادارییەکی بەپەلەی بۆ سەرجەم ئەو کەشتیانە بڵاوکردەوە کە بە نیازن لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕ بن.
لە راگەیەندراوێکی دەستەکەدا هاتووە، بەهۆی بارودۆخی جەنگی لە ناوچەی کەنداوی عەرەبی و گەرووی هورمز، ئەگەری هەبوونی جۆرەها مینی دژەکەشتی لە ناوچە سەرەکییەکانی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمزدا هەیە.
دەستەکە داوا لە سەرجەم کەشتییەکان دەکات بۆ پاراستنی سەلامەتی و دوورکەوتنەوە لە هەر رووداوێکی نەخوازراو و بەرکەوتن بە مینە دەریایییەکان، رەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن،
1-پێویستە پێشوەختە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە گەرووی هورمزدا بکرێت.
2- تا ئاگادارکردنەوەی دووەم، پێویستە کەشتییەکان رێڕەوە جێگرەوەکان بەکاربهێنن وەک لە دەریای عومانەوە بەرەو لای باکوور، دوورگەی لارک و پاشان بەردەوامبوون بەرەو ناو کەنداو. یان لە ناو کەنداوەوە بەرەو باشووری دوورگەی لارک و پاشان بەردەوامبوون بەرەو دەریای عومان.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم بڕیارە لە پێناو پاراستنی گیانی دەریاوانان و سەلامەتی کەشتییە بازرگانییەکان دراوە و جێبەجێکردنی بەپێی نەخشەی هاوپێچکراو ئیجبارییە.