ئێران مەرجی نوێ بۆ تێپەڕینی کەشتییەکان دادەنێت و داوای دراوی دیجیتاڵی دەکات
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران مەرجی پێشوەختەی بۆ ئەو کەشتیانە داناوە کە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن و داوایان لێدەکات باجی تێپەڕین بە 'دراوە دیجیتاڵییەکان' یان 'یوانی چینی' بدەن.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە کە پشت بە داتا دەریاوانییەکان دەبەستێت، دوێنێ چوارشەممە، تەنیا 4 کەشتی توانیویانە لە گەرووی هورمز تێپەڕ بن، لە کاتێکدا پێش سەرهەڵدانی گرژی و پێکدادانەکان، رۆژانە زیاتر لە 100 کەشتی بەم رێڕەوە ستراتیژییەدا تێپەڕدەبوون.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئێران داوا لە کۆمپانیاکانی کەشتیوانی دەکات پێشوەختە باجی تێپەڕین بدەن، نێوەندگیرە عەرەبەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن، کەشتییەکان ناچارن بۆ رێکخستنی کاروباری تێپەڕین و دانی باجەکان، هەماهەنگی راستەوخۆ لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران بکەن.
سەبارەت بە بڕی تێچووەکە، بەڕێوەبەرانی گواستنەوەی دەریایی رایانگەیاندووە، باجی تێپەڕینی ئاسایی تەنیا هەفتەیەک پێش جووڵەی کەشتییەکە و بەپێی قەبارەکەی دیاری دەکرێت، بۆ نموونە، تێچووی تێپەڕینی کەشتییەکی زەبەلاحی نەوتهەڵگر کە توانای هەڵگرتنی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی هەبێت، دەگاتە نزیکەی دوو ملیۆن دۆلار.
هاوکات، سیستەمی "کێپلەر" (Kpler) بۆ چاودێریی کەشتییەکان بڵاویکردەوە، لە ئێوارەی چوارشەممەوە جووڵەی نەوتهەڵگرەکان بەتەواوی وەستاوە، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەو هێرشە ئاسمانییانەی کە ئیسرائیل کردیە سەر شاری بەیرووتی پایتەختی لوبنان.