حەج و عومرەی هەرێم: بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کاتی گەشتی حاجیان نادیارە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی نیسانی 2026، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان24، دوایین زانیارییەکانی لەبارەی گەشتیی ئەمساڵی حاجییان بۆ ماڵی خودا خستە روو. باسی لەوەش کرد، سەرەڕای تەواوبوونی زۆربەی ئامادەکارییەکان، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و دۆخی فڕۆکەخانەکان، کاتی یەکەم کاروانی بەڕێکەوتنی حاجیان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.

گوتەبێژی حەج و عومرە ئاماژەی بەوە کرد، پرۆسەی دەرچوونی ڤیزا گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و گوتی: "دەتوانین بڵێین ڤیزەی هەموو حاجیان گەڕاوەتەوە. کۆمپانیاکانیشمان راسپاردووە، هەر حاڵەتێکی کێشەی ڤیزا هەبێت پێمان رابگەیەنن بۆ ئەوەی دەستبەجێ چارەسەری بکەین."

سەبارەت بە کاتی بەڕێکردنی یەکەم کاروان، کاروان ستوونی رایگەیاند: "پێشتر بڕیار وابوو لە7ـی ئایار یەکەم کاروانی حاجیان بەڕێبکەوێت، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخ و ئاڵۆزییانەی لە ناوچەکەدا هاتنە پێش، ئێستا کاتەکە نادیارە و هەموو شتێک پەیوەستە بە کرانەوەی فڕۆکەخانەکان و ئاساییبوونەوەی گەشتە ئاسمانییەکان."

لەبارەی شێوازی گەشتەکەوە، گوتەبێژەکەی حەج و عومرە روونی کردەوە، پلانی سەرەکییان ئەوە بووە هەموو گەشتەکان بە ئاسمانی بن، بەڵام ئەگەر فڕۆکەخانەکان نەکرێنەوە، ئەگەری پەنابردن بۆ رێگەی وشکانی و پاس هەیە.

لەگەڵ ئەوەشدا، کاروان ستوونی هۆشداریی دا لە مەترسییەکانی رێگەی وشکانی و گوتی: "رۆژانە لە ناوچەکانی ئامرلی، خورماتوو و ئەنبار کە رێگەی تێپەڕبوونی پاسەکانن، مەترسی و بۆردومان هەیە. هەرچەندە هەماهەنگیمان لەگەڵ پۆلیسی فیدراڵی هەیە، بەڵام ئەگەر رێگەی وشکانی سەلامەت نەبێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری کۆتایی دەدات کە ئایا حاجیان بەڕێبکرێن یان نا، چونکە پاراستنی گیانی حاجیان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە."

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد، نزیکەی 20 بۆ 25 رۆژی دیکە کات ماوە بۆ دەستپێکردنی گەشتەکان، و لەو ماوەیەدا بەپێی گۆڕانکارییەکانی بارودۆخەکە، بڕیاری پێویست دەدرێت.