ئیسرائیل ئاماری قوربانییانی جەنگی ئێرانی بڵاوکردەوە
رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ـی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر" دژ بە ئێران لە 28ـی شوباتەوە، لانی کەم 42 ئیسرائیلی کوژراون و زیاتر لە 7400 کەسی دیکە برینداربوون.
پێنجشەممە 9ـی نیسانی 2026، رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ـی ئیسرائیلی ئامارێکی لە بارەی زیانە گیانییەکانی جەنگی دژ بە ئێرانی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر" دژ بە ئێران لە 28ـی شوباتەوە، لانی کەم 42 ئیسرائیلی کوژراون و زیاتر لە 7400 کەسی دیکە برینداربوون، روونیشیکردووەتەوە،22 کەسیان بەهۆی مووشەک، 13 کەسیان 12 سەرباز و مەدەنییەک لە شەڕی حزبوڵلای لوبنان و 7 کەسی دیکە لە کاتی چوون بۆ پەناگەکان گیانیان لەدەستداوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم ئامارانە، سوپای ئیسرائیل گەورەترین هێرشی ئاسمانی لە ناوچە جیاجیاکانی لوبنان ئەنجامدا، سوپا رایگەیاند، تەنها لە ماوەی 10 خولەکدا، نزیکەی 100 بنکە و ژێرخانی سەربازی حزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج.
سەرچاوە پزیشکییەکانی لوبنانیش ئاشکرایان کردووە، بەهۆی ئەم هێرشانەوە تاوەکوو ئێستا 182 کەس کوژراون و سەدان کەسی دیکەش بریندارن.
ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە، ئێران و ئەمریکا لەسەر ئاگربەستێکی کاتی بۆ ماوەی دوو هەفتە و کردنەوەی گەرووی هورمز رێککەوتبوون، ئەمەش بۆ رێگری لەو هێرشە بەرفراوانانەی دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی ئەنجامدانی دەکرد.
سەرەڕای ئەوەی جیهان پێشوازی لەم رێککەوتنە کرد، بەڵام چارەنووسی لوبنان بووەتە جێی ناکۆکی، تاران دەڵێت ئاگربەستەکە لوبنانیش دەگرێتەوە، بەڵام واشنتن و ئیسرائیل بەردەوامن لە هێرشەکانیان، ئێران هەڕەشەی ئەوە دەکات ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر لوبنان نەوەستن، لە رێککەوتنی ئاگربەستەکە دەکشێتەوە.