ئیسپانیا باڵیۆزخانەکەی لە تارانی پایتەختی ئێران دەکاتەوە
خۆزێ مانوێل ئەلبارێز، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا باڵیۆزخانەکەیان لە تارانی پایتەختی ئێران دەکەنەوە.
وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا دەڵێت؛ هیواخوازن ئاگربەستی ئێران و ئەمریکا درێژخایەن بێت و ئاشتی و سەقامگریی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە، کردنەوەی باڵیۆزخانەکەشیان لە تاران دوای رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێرانە بۆ ماوەی دوو هەفتە.
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنی چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، خۆسێ مانویل ئەلبارێز، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا لە پلاتفۆڕمی ئێکس رایگەیاند، "دەبێت لوبنان بخرێتە ناو ئەو ئاگربەستەی کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست واشنتن و تاران پێی گەیشتوون، ئاماژەی بەوەش کرد، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ یوسف رەجی، هاوتا لوبنانییەکەی ئەنجامداوە و تێیدا پشتگیری ئیسپانیای بۆ سەروەری لوبنان دووپاتکردووەتەوە.
ئەلبارێز جەختیشی کردەوە، ئیسپانیا دژی ئەو هێرشانەیە کە لەلایەن حزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیلەوە دەکرێنە سەر هێزەکانی پارێزەری ئاشتی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیفیڵ) لە لوبنان و پشتگیری تەواوی ئەرکی ئەو هێزانە دەکەن.