رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی: زیاتر لە هەزار کاتژمێرە ئێران بێ ئینتەرنێتە

 رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، زیاتر لە هەزار کاتژمێرە خەڵکی ئێران بێ ئینتەرنێتن.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی جەختی لەوە کردەوە کە دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت مافێکی بنەڕەتیی مرۆڤەو لە کاتی شەڕو ئاڵۆزییەکاندا پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە، هەر بۆیە داوا لە دەسەڵاتداران دەکات دەستبەجێ هێڵەکانی ئینتەرنێت بگەڕێننەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە 40 رۆژە جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە و بە درێژایی ئەم ماوەیە هێڵەکانی ئینتەرنێت لە سەرانسەری ئێراندا بڕاون.

 لە ئێستادا تاران و واشنتن لە قۆناغی ئاگربەستێکی کاتیدان بە مەبەستی ئەنجامدانی دانوستان بە نێوەندگیریی پاکستان، بەڵام بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان پرۆسەی دانوستانی دواخستووە؛ تاران جەخت لەوەش دەکاتەوە تا ئەو کاتەی هێرشەکان بۆ سەر لوبنان ڕانەگیرێن، دەست بە دانوستان ناکەن

لە چەند رۆژی رابردوو، رێکخراوی نێت بلۆکس کە چاودێری ئاسایشی تۆڕەکان و ئازادی ئینتەرنێت دەکات لە سەرانسەری جیهاندا رایگەند، نزیکەی هەزار کاتژمێرە ئێران بێ ئینتەرنێتە.