نوێنەری بازرگانیی ئەمریکا: نابێت هاوکارییەکانی چین بۆ ئێران زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بگەیەنێت
نوێنەری بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رایگەیاند هەر جۆرە هاوکارییەکی چین بۆ ئێران کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی واشنتن بگەیەنێت،"دەرەنجامی خراپی دەبێ" و پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات ئاڵۆزتر دەکات، جەختی کردەوە کە بەرپرسیارێتیی چینە رێگری لە دەستوەردانی تێکدەرانە بکات
هەینی 10ـی نیسانی 2026، جەیمیسن گریر، نوێنەری بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رایگەیاند وڵاتەکەی هەوڵ بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەکی سەقامگیر لەگەڵ چین دەدات، بەڵام هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی پەکین کرد کە هەر جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ ئێران کە دژی بەرژەوەندییەکانی واشنتن بێت، دەرەنجامی خراپی دەبێت و بابەتەکان ئاڵۆز دەکات.
گریر لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی (CNBC) ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجە بنەڕەتییەکانی ئابووریی ئەمریکا و چین جیاوازییەکی زۆریان هەیە، بەڵام هێشتا دەرفەت بۆ جۆرێک لە سەقامگیریی ئابووری ماوە. گوتی: ئەگەر چین بە شێوەیەک دەستوەردان لە کاروباری ئێران بکات کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بگەیەنێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە بابەتەکان ئاڵۆز دەبن؛ بۆیە بەرپرسیارێتیی چینە کە رێگری لە دروستبوونی هەر ئەگەرێکی لەو شێوەیە بکات.
جەیمیسن گریر جەختی کردەوە کە سەرەڕای هەوڵەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لەگەڵ پەکین، بە تایبەت لە بوارە بازرگانی و ئابوورییەکاندا، هێشتا کۆمەڵێک کێشە و ئاڵێنگاریی گەورە لە نێوان هەردوو وڵاتدا ماونەتەوە کە چارەسەر نەکراون.
ئەم لێدوانانەی نوێنەری بازرگانیی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە بڕیارە مانگی داهاتوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سەردانی پەکین بکات و دیدارێکی گرنگ لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین بکات. گریر گەشبینی خۆی نیشاندا کە کۆبوونەوەکە ئەرێنی بێت، هەرچەندە ئەم دیدارە تەنیا ساڵێک دوای ئەوە دێت کە واشنتن زنجیرەیەک سزای گومرگیی فراوان و توندی بەسەر بازرگانیی جیهانیدا سەپاند.