پرۆسەی وردبینیکردنی ناوی ئەفسەران بۆ پلەبەرزکردنەوە لە قۆناغی کۆتاییدایە
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی پلەبەرزکردنەوەی هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش کە بۆ چەند ساڵێک راگیرابوو، لە نزیکترین کاتدا دەستپێدەکاتەوە.
شەممە، 6ـی حوزەیرانی 2026، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، ئاماژەی بەوە کرد، بە فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، پرۆسەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش دەستپێدەکاتەوە، کە پێشتر بەهۆی چەند هۆکارێکەوە بۆ ماوەی چەند ساڵێک راگیرابوو.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ گوتی: "ئێستا ناوی سەرجەم ئەفسەرانی هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش لەژێر وردبینیدایە و گەشتووەتە قۆناغی کۆتایی"
هەروەها میرانی جەختی کردەوە کە تەواوی لایەنە پێوەندیدارەکان کارەکانیان خێرا کردووە، تاوەکوو لە نزیکترین کاتدا کارەکانی وردبینی و رێکارە پێویستەکان بە کۆتا بهێنرێن و پرۆسەی پلەبەرزکردنەوەکە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.