100 پسپۆڕ رەشنووسی رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران دەنووسن
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تیمێکی 100 کەسی بۆ داڕشتنی رەشنووسی رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران پێکدەهێنێت و ئامادەکارییەکان بۆ دەستنیشانکردنی ئەندامانی تیمەکە دەستی پێکردووە.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری کۆشکی سپییەوە بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ بەمزووانە تیمێکی 100 کەسی بۆ داڕشتنی رەشنووسی رێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران پێکدەهێنێت و پڕۆسەی دەستنیشانکردنی ئەندامانی تیمەکەش دەستیپێکردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە کۆشکی سپییەوە دزەیان پێکراوە، ئەندامانی تیمەکەی دۆناڵد ترەمپ لە شارەزایانی ئەتۆمی، پسپۆڕانی تەکنیکی، شارەزایانی وزە و تەنانەت کەسایەتییە سەربازییەکانیش پێکدێن.
زانیارییەکان ئەوەشیان خستووەتەروو، سەرۆکی ئەمریکا گەشبینە بە گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران، دەیەوێت لە رەشنووسەکەدا هیچ خاڵێکی لاواز بەدەستەوە نەدات، لەبەر ئەوەش بانگهێشتی پسپۆڕانێکی زۆری بۆ تیمی دانوستانەکان کردووە.
دۆناڵد ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا، لە ساڵی 2018 بە فەرمی لە رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک (JCPOA) کشایەوە، چونکە پێی وابوو رێککەوتنەکە کەمکوڕیی زۆری تێدایە و رێگری لە بەرنامە مووشەکییەکانی ئێران و هەژموونی ئەو وڵاتە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناکات. دوای کشانەوەشی، سزای توندی ئابووریی بەسەر تاراندا سەپاندەوە و سیاسەتی "وپەڕی فشار"ـی پەیڕەو کرد.
ئێستا و لەم خولە نوێیەی سەرۆکایەتیدا، پێدەچێت ترەمپ ستراتیژییەتێکی نوێی گرتبێتە بەر بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی گشتگیرتر و توندتر لەگەڵ تاران واژۆ بکات، بە جۆرێک نەک تەنیا بەرنامە ئەتۆمییەکە، بەڵکوو بەرنامە مووشەکی و سەربازییەکانیشی بگرێتەوە. بەکارهێنانی تیمێکی گەورەی سەربازی و ئەتۆمی ئاماژەیە بۆ خواستی واشنتن بۆ داڕشتنی رێککەوتنێک، جێگەی هیچ دەستکاری و پێشێلکارییەک نەهێڵێتەوە.