ژاپۆن و ئۆکرانیا درۆنێکی هەرزان بۆ تێکشاندنی درۆنەکانی ئێران بەرهەم دەهێنن
لە کاتێکدا جەنگی درۆنەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆکرانیا گەیشتووەتە ئاستێکی نوێ، کۆمپانیایەکی ژاپۆنی هەوڵەکانی بۆ بەرهەمهێنانی درۆنێکی بەرپەرچدەرەوەی هەرزان چڕ کردووەتەوە تاوەکوو کۆتایی بە باڵادەستیی درۆنە خۆکوژەکانی ئێران بهێنێت.
هەینی 10ـی نیسانی 2026، هەردوو وڵاتی ژاپۆن و ئۆکرانیا رایانگەیاندووە، کارە هاوبەشەکانیان بۆ دروستکردنی درۆنێکی هەرزان بۆ تێکشکاندنی درۆنە ئێرانییەکان چڕ کردووەتەوە، ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە سەروبەندی جەنگی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، تاران شەپۆلێکی فراوانی لە درۆنە هەرزانەکانی وەک شاهێد بەکار هێنا، وڵاتانی کەنداو و هێزەکانی ئەمریکا بۆ خستنەخوارەوەی ئەم درۆنانە، پشتیان بە مووشەکی زۆر گرانبەها بەستووە، ئەمەش وای کردووە خەزێنەی مووشەکە پێشکەوتووەکانیان روو لە کەمبوونەوە بکات، چونکە بەکارهێنانی مووشەکێکی چەند سەد هەزار دۆلاری بۆ تێکشاندنی درۆنێکی 31 هەزار دۆلاری، لە رووی ئابوورییەوە "شکستە".تۆرۆ تۆکوشیگە، بەڕێوەبەری کۆمپانیای (Terra Drone)ی ژاپۆنی، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، لەگەڵ هاوبەشە ئۆکرانییەکانیان کار دەکەن بۆ بەرهەمهێنانی درۆنێکی راوکەری هەرزان (Interceptor) کە تێچووەکەی تەنها 2500 دۆلارە.
تۆکوشیگە دەڵێت: "خەڵک لە ژاپۆن و دەرەوەش تێگەیشتوون کە درۆنی راوکەر چەندە گرنگە، بەتایبەت کە مووشەکە بەرگرییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو تەواوبوون دەچن."
تایبەتمەندییەکانی درۆنە راوکەرە نوێیەکە:
1- تێچووی کەم: بە بەکارهێنانی پارچەی ئامادەی ناو بازاڕ، تێچووەکەی بۆ 2500 دۆلار کەم کراوەتەوە.
2- داواکاری زۆر: وڵاتانی عەرەبیی کەنداو و وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات (وەک پۆڵەندا) ئارەزوویەکی زۆریان بۆ کڕینی ئەم تەکنەلۆژیایە نیشان داوە.
3- ئەزموونی ئۆکرانیا: ئۆکرانیا ئەزموونێکی زۆری لە راوکردنی درۆنی ئێرانی هەیە، بەڵام کێشەی بودجە و بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵی هەبووە، بەڵام ئێستا ژاپۆن ئەو بۆشاییە پڕ دەکاتەوە.
کاردانەوەی رووسیا:
ئەم هەنگاوەی ژاپۆن توڕەیی مۆسکۆی لێکەوتووەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا باڵیۆزی ژاپۆنی بانگ کردووە و تۆکیۆی بە گرتنەبەری هەڵوێستی نادۆستانە تۆمەتبار کردووە، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ نیگەرانییەکانی رووسیا لەوەی ئەم درۆنە نوێیانە کاریگەریی درۆنە ئێرانییەکان (شاهێد) لە جەنگی ئۆکرانیادا لەناو ببەن.
بڕیارە لە مانگەکانی داهاتوودا، یەکەمین نمونەی ئەم درۆنە ژاپۆنییانە بۆ تاقیکردنەوەی مەیدانی رادەستی سوپای ئۆکرانیا بکرێن.