لوبنان.. ژمارەی کوژراوان هەزار و 900 کەسی تێپەڕاند

ئاماری کوژراوانی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لە 2ـی ئادارەوە بۆ هەزار و 953 کەس بەرزبووەتەوە و شەش هەزار و 303 برینداریش هەیە، ئەمەش لە کاتێکدایە هەوڵەکانی فریاکەوتن بۆ پاککردنەوەی داروپەردوو و دەرهێنانەوەی تەرم و بێسەروشوێنەکان بەردەوامە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 11ـی نیسانی 2026، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانییان کردە سەر شاری نەبەتیە و هێرشێکی دیکەشیان کردە سەر رێگای سەرەکی زیفتا لە باشووری لوبنان.

ئاسایشی لوبنان رایگەیاند، لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەیەکی حکوومی لە شاری نەبەتیە، 13 ئەندامیان لەکاتی ئەرکی فەرمی خۆیاندا کوژران. 

وەزارەتی تەندروستی لە نوێترین ئاماری دا رایگەیاند، لە 2ـی ئادارەوە تاوەکوو ئێستا ژمارەی کوژراوانی لوبنانی گەیشتووەتە هەزار و 953 کەس و شەش هەزار و 303 کەسیش بریندار بوون.

هەروەها میدیاکانی لوبنان بڵاویان کردەوە، رۆژی دووشەممە، نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان سەردانی نیویۆرک دەکات و لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆدەبێتەوە، ئەم دیدارە پێش یەکەمین کۆبوونەوەی باڵیۆزەکانی لوبنان و ئیسرائیلە، بۆ تاوتوێکردنی رێگاکانی گەیشتن بە ئاگربەست و دەستپێکردنی دانوستان.