کۆبوونەوەی شاندی ئێران و سەرۆکوەزیرانی پاکستان دەستیپێکرد
کۆبوونەوەی شاندی دانوستانکاری ئێران لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پاکستان دەستیپێکرد و چەند تەوەرێکی گرنگ تاوتوێ دەکرێن.
ئەمڕۆ شەممە، 11ـی نیسانی 2026، پێش کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی دانوستانکاری ئەمریکی؛ کۆبوونەوەی شاندی باڵای ئێران، لە ئیسلام ئاباد، لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان دەستپێکرد.
ئاژانسی "تەسنیم" رایگەیاندووە، پرسی پابەندنەبوونی واشنتن بە بەڵێنەکانی، تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکەی شاندی دانوستانکاری ئێران و سەرۆکوەزیرانی پاکستان دەبێت.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، راگرتنی شەڕ لە لوبنان و ئازادکردنی سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران لە گرنگترین مەرجەکانی شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەن بۆ دانیشتن لەگەڵ شاندی دانوستانکاری ئەمریکا.
بە گوێرەی ئاژانسەکە، واشنتن بە فەرمی ئیسلام ئابادی ئاگادار کردووەتەوە بە مەرجەکانی دەستپێکردنی گفتوگۆ رازییە، بەڵام تاوەکوو ئێستا بەشێک لەو مەرجانە جێبەجێ نەکراون.
دانوستانی راستەوخۆی ئێران و ئەمریکا لە ئیسلام ئاباد دەست پێ دەکات
ئەمڕۆ شەممە، 11ـی نیسانی 2026، دوای 40 رۆژ لە جەنگ و هەڕەشە و راگەیاندنی ئاگربەست، قۆناخێکی نوێ لە دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان دەست پێ دەکات.
دانوستانی ئەمجارە زۆر جیاواز دەبێت و بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەڕێوە دەچێت.
هۆشدارییەکەی ترەمپ پێش دانوستانەکە
بەر لە کۆبوونەوەکان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، وا دەردەکەوێت ئێرانییەکان نەزانن هیچ کارتێکی گوشاریان بەدەستەوە نەماوە، جگە لە سەپاندنی باجی کورتخایەن لەسەر رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا، تەنیا هۆکاری ئەوەی ئەمڕۆ بەرپرسانی ئێران لە ژیاندان دەگەڕێتەوە بۆ دانوستان.
ئەو هۆتێلەی میوانداریی دانوستانەکانی واشنتن و تاران دەکات
لقی ئیسلام ئابادی زنجیرە هۆتێلی "سێرینا" بووەتە چەقی سەرنجی جیهان، حکوومەتی پاکستان بە تەواوی هۆتێلەکەی بۆ شاندەکانی واشنتن و تاران تەرخان کردووە و سەرجەم میوانەکانی دیکەی لێ دەرکردووە بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێکی دیپلۆماسیی جیهانی.
هۆتێلەکە یەکێکە لە ناوەندە پێنج ئەستێرە و بەناوبانگەکانی پاکستان، خاوەنی 334 ژوور و 53 سوێتە، دیزاینەکەی ئاوێتەیەکە لە تەلارسازیی رەسەنی ئیسلامی و مۆدێرن.
لەپێناو پاراستنی شاندەکان، هێزە ئەمنییەکانی پاکستان ناوچەیەکی سێ کیلۆمەترییان لە دەوری هۆتێلەکە داخستووە و چاودێرییەکی توندی ئەمنییان سەپاندووە.