عەبدوڵڵا عەلیاوەیی: ئەستەمە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت
عەبدوڵڵا عەلیاوەیی: زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار ناکۆکن
د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان و تێبینییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هۆکاری سەرەکی دەزانێت بۆ ئەوەی ئەمڕۆ پەرلەمان نەتوانێت سەرۆککۆمار هەڵبژێرێت و پڕۆسەکە بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێت.
شەممە،11ـی نیسانی 2026 د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق و کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، تیشکی خستە سەر دوایین پەرەسەندنەکانی پێوەست بە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق و پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.
عەلیاوەیی ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای ئەوەی بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمان کۆببێتەوە، بەڵام هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لەم کاتەدا "زۆر ئەستەمە".
سەبارەت بە هۆکارەکە عەلیاوەیی رایگەیاند: " ئێستا زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان لەسەر پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ناکۆکن، هاوکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش تێبینیی لەسەر پرۆسەکە هەیە و پێی باشە لەم کاتەدا یەکلایی نەکرێتەوە، ئەمەش وای کردووە پێشبینی بکرێت کە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بێ ئەنجام بێت و پرسەکە بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردەوە، "ئەگەر ئەمجارە ئەم پرۆسەیە دوابخرێت، زۆر قورس دەبێت جارێکی دیکە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بخرێتەوە ناو بەرنامەی کاری پەرلەمان، مەگەر ئەوەی رێککەوتنێکی سیاسیی پێشوەختە لە نێوان لایەنەکاندا هاتبێتە ئاراوە."