دوو سیناریۆ بۆ شوێنگرەوەی ئێران لە مۆندیالی 2026 هەن

هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران
هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران

نزیکەی دوو مانگ بۆ دەستپێکردنی یارییەکانی مۆندیالی 2026 ماوە، تاوەکو ئەم ساتەش بە شێوەیەکی فەرمی بەشداری کردن و بەشداری نەکردنی هەڵبژاردەی ئێران لە پاڵەوانێتیەکە یەکلایی نەبووەتەوە.

ماڵپەری گۆڵی جیهانی بڵاویکردەوە، بڕیارە رۆژی 30ـی ئەم مانگە، کۆنگرەی فیفا لە شاری تۆرینی کەنەدا بەڕێوەبچێت و لەو کۆنگرەیە، فیفا بە شێوەیەکی فەرمی ناوی 48 هەڵبژاردە بەشداربووەکەی مۆندیالی 2026 بڵاودەکاتەوە و ئەو کاتە چارەنوسی پاڵەوانێتیەکە بە تەواوەتی یەکلایی دەکرێتەوە.

سەرچاوەکە بڵاویکردەوە تاوەکو ئەم ساتە بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردەی ئێران، داوای کردووە یارییەکانی لە ئەمریکاوە بگوازرێتەوە وڵاتێکی دیکە وەڵامیان نەدراوەتەوە، دیار نیە ئاخۆ ئەو هەڵبژاردەیە بەشداری مۆندیالی داهاتوو دەکات یاخود نا، سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی رابردوو جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفا و هەروەها ئەحمەد دونیامال وەزیری وەرزشی ئێران، لە ماوەی رابردوو دڵنیاییانداوە لەسەر بەشداری کردنی هەڵبژاردەکە.

رۆژنامەی ئاتلێتیک بڵاویکردەوە، دوو سیناریۆ هەن لە ئەگەری بەشداری نەکردنی هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیال. سیناریۆی یەکەم کە زۆر بەهێزە بەشداری کردنی هەڵبژاردەی ئیماراتە لە شوێنی ئێران، چونکە کۆنفێدراسیۆنی ئاسیا لە کورسیەکی خۆی خۆش نابێت.

سیناریۆی دووەمیش ئەوەیە کە یارییەکی پلەی ئۆف لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و ئیمارات بکرێت، بەم شێوەیە چارەنوسی شوێنگرەوەی ئێران دیاری بکرێت، بەڵام ئەم سیناریۆیە لاوازە و ئەگەرێکی کەم بۆ جێبەجێ کردنی هەیە.