پەرلەمانتارێکی پارتی: رێژەی یاسایی تەواو نەبووە و دەستپێکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمان نایاساییە
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت، دەستپێکردنی کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار نایاساییە، چونکە تەنیا 185 پەرلەمانتار ئامادەن و رێژەی یاسایی تەواو نەبووە.
ئەمڕۆ شەممە، 11ـی نیسانی 2026، ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24، راگەیاند، ئەو ژمارەیەی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمان بۆ ئامادەبووانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە راست نییە و رێژەی یاسایی تەواو نەبووە.
ئیخڵاس دلێمی گوتی، "وا بڵاوکراوەتەوە 223 پەرلەمانتار ئامادەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقن، بەڵام خۆم لە هۆڵەکەدا بووم، بە مۆبایلەکەم ژماردوومن و ڤیدیۆشم گرتووە، ژمارەیان 185 کەسە نەک 223".
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی جەختی کردەوە "ناڕەزایەتیم گەیاندە سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام ئەو پێداگیربوو لەسەر بەڕێوەچوونی دانیشتەكە".
ئەو پەرلەمانتارە پێی وایە، دەستپێکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق لە کاتێکدا رێژەی یاسایی تەواو نەبووە، "نادەستوورییە و ئەگەر بەردەوام بێت، لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆمار دەکەین".
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ شەممە، 11ـی نیسانی 2026، فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، کۆبوونەوەی تایبەتی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی وڵات دەستپێکرد.
بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، 223 پەرلەمانتار ئامادەی کۆبوونەوەکەن و رێکارەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە لایەن دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە دەستپێکراون.
هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق پرۆسەیەکی پەرلەمانییە و بەپێی ماددەی 70ـی دەستووری عێراق بەڕێوەدەچێت. دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەکرێتەوە و هەر هاووڵاتییەک مەرجە یاساییەکانی تێدا بێت، دەتوانێت خۆی کاندید بکات.
پرۆسەی هەڵبژاردنەکە بەم شێوەیە دەبێت: لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا پێویستە کاندید دەنگی دوو لەسەر سێی کۆی ئەندامانی پەرلەمان بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆککۆمار، واتا 220 دەنگ لە کۆی 329 دەنگ. ئەگەر هیچ کاندیدێک ئەو رێژەیەی بەدەست نەهێنا، پەنا بۆ گەڕی دووەم دەبرێت. لە گەڕی یەکلاکردنەوەدا کێبڕکێ لە نێوان ئەو دوو کاندیدە دەکرێت زۆرترین دەنگیان هێناوە، لێرەدا هەر کاندیدێک زۆرترین دەنگ بهێنێت دەبێتە سەرۆککۆمار.
دواتر سەرۆککۆماری هەڵبژێردراو لە بەردەم پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخوات و لە ماوەی 15 رۆژدا کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی رادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەت.
لەلایەکی دیکەوە ژمارەی کورسییەکان لە پەرلەمانی عێراق بەسەر 329 کورسیدا دابەش بوونە، بە جۆرێک هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە 46 کورسی لە پێشەنگدایە، لە دوای ئەویش پارتی تەقەدووم و هاوپەیمانەکانی بە 33 کورسی و هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە 29 کورسی دێن. بە گشتی کورسییەکان بەسەر زیاتر لە 50 پارت و هاوپەیمانیدا دابەش بوون.