دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار چووە گەڕی دووەم

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نەیتوانی لە گەڕی یەکەمدا سەرۆککۆماری نوێی وڵات یەکلا بکاتەوە، بەو هۆیەوە پڕۆسەی دەنگدانەکە چووە گەڕی دووەم، ئەم دانیشتنە بە بایکۆتی چەند فراکسیۆنێکی سەرەکیدا بەڕێوەچوو، نەیتوانی متمانەی پێویست بۆ هیچ کام لە بەربژێرەکان دەستەبەر بکات.

شەممە 11ـی نیسانی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری "کوردستان24 لە بەغدا، لە کۆی 329 ئەندامی پەرلەمان، 252 پەرلەمانتار لە ناو هۆڵی کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوون و دەنگیان بۆ دیاریکردنی سەرۆککۆمار دا. سەرەڕای ئەم ئامادەبوونە، هیچ کام لە 16 بەربژێرەکەی گەڕی یەکەم نەیانتوانی ڕێژەی یاسایی کە 220 دەنگە (دوو لەسەر سێی ئەندامان) بەدەستبهێنن، ئەمەش وای کرد پەرلەمان پەنا بۆ گەڕی دووەمی دەنگدان ببات.

دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، تەنیا دوو بەربژێر توانییان وەک بەهێزترین ڕکابەر بمێننەوە و بچنە گەڕی دووەمەوە ئەوانیش بریتین لە:

1 نزار ئامێدی، کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
2 موسەنا ئەمین، کاندیدی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان.

بڕیارە لە گەڕی دووەمدا، هەر کاندیدێک زۆرینەی سادەی دەنگەکان (٥٠+١)ی ئەندامە ئامادەبووەکان بەدەستبهێنێت، وەک سەرۆککۆماری نوێی عێراق سوێندی یاسایی بخوات

ئەم دانیشتنەی پەرلەمان لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە هەریەکە لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و بزووتنەوەی حقوق بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کردبوو.