ئارسێناڵ تووشی دۆڕانێکی ناوەخت بوو
یانەی ئارسێناڵ پێشەنگی خولی نایابی ئینگلیزی لە گەڕی 32ـی خولەکە، لە یاریگای خۆی میوانداری بۆرنمۆسی کرد و لە کۆتاییدا پێشەنگەکەی پرێمەرلیگ، لە پێش چاوی هاندەرانی یارییەکەی بە ئەنجامی 1-2 دۆڕاند. گەڕی داهاتووش یانە لەندەنییەکە لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی مانچێستەر سیتی رکابەری دەبێتەوە.
ئارسێناڵ بە هیوای پارێزگاری کردن لە جیاوازی خاڵەکانی لە پێشەنگی خولی نایابی ئینگلیزی لەگەڵ مانچێستەر سیتی دووەمی ریزبەندی، لە گەڕی 32ـی خولەکە و لە یاریگای خۆی بە ئامادەبوونی هاندەرانی میوانداری یانەی بۆرنمۆسی کرد، بەڵام لە کۆتاییدا تووشی دۆڕان بوون و سێ خاڵی گرنگی یارییەکەیان لەدەستدا.
گەنەز دوای دۆڕانەکەی بەرامبەر مانچێستەر یونایتد لە یاریگای خۆی، لە گەڕی 23 پرێمەرلیگ، بۆ جاری دووەم لە ماوەی پێنج یاری رابردوو لە یاریگای خۆی تووشی دۆڕان بوو، بەم شکستەش ئارسێناڵ مەترسی دەکەوێتە سەر پێگەکەی.
یانەی ئارسێناڵ شەش یاری خولی نایابی ئینگلیزی ماوە، ئەو یانەیە لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە دێت و خاوەنی 70 خاڵە، بە جیاوازی 9 خاڵ لەگەڵ مانچێستەر سیتی دووەمی ریزبەندی، بەڵام مان سیتی دوو یاری کەمتری هەیە، ئەگەر لەو دوو یارییە ستیزن بردنەوە بەدەست بهێنێت، ئەو کاتە جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ پێشەنگی خولەکە بۆ تەنها سێ خاڵ کەم دەکاتەوە.
شەش یاری داهاتووی ئارسێناڵ لە پرێمەرلیگ:
گەڕی 33
مانچێستەر سیتی - ئارسێناڵ
گەڕی 34
ئارسێناڵ - نیوکاسڵ یونایتد
گەڕی 35
ئارسێناڵ - فولهام
گەڕی 36
وێستهام یونایتد - ئارسێناڵ
گەڕی 37
ئارسێناڵ - بێرنلی
گەڕی 38
کریستاڵ پاڵاس - ئارسێناڵ