موسەننا ئەمین: کورد کاندیدی سەرۆککۆماری هەڵنەبژارد، بەڵکو بۆیان هەڵبژێردرا
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: کە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەرهاویشتەی رێککەوتنێکی سیاسیی نێوان چەند حزبێک بووە و هۆشداری دەدات لەوەی کە "کورد کاندیدی سەرۆککۆماری بۆ هەڵبژێردرا نەک خۆی هەڵیبژێرێت."
شەممە، 11ـی نیسانی 2026، موسەننا ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: کە ئەنجامی دەنگدانەکەی ئەمڕۆ بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، گوزارشت لە بەرژەوەندیی هاوپەیمانێتییەکی سیاسیی نێوان چەند حزبێک دەکات کە ئامانجیان پێکهێنانی حکوومەتە بەو شێوازەی خۆیان دەیانەوێت.
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەم جۆرە هاوپەیمانێتییانە دەرفەت نادەن بەوەی کەسانی شیاو و گونجاو بۆ پۆستە باڵاکان هەڵبژێردرێن، بەڵکو تەنیا رێککەوتنی حزبی بنەمایە.
ئەم پەرلەمانتارە نیگەرانیی قووڵی خۆی نیشان دا لەوەی کە لایەنە کوردییەکان نەیانتوانی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رێکبکەون.
موسەننا ئەمین، بەراوردی دۆخی ئێستای لەگەڵ خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق کرد و گوتی: "لە رابردوودا هەموو لایەنە کوردییەکان لەسەر کاندیدکردنی فوئاد مەعسوم کۆک بوون، بەڵام بە داخەوە لەم خولەدا کورد پەرتەوازە بوو و نەیانتوانی یەکدەنگ بن."
جەختیشی کردەوە، کە بەهۆی ئەم ناکۆکییەوە، لایەنە عێراقییەکان کە هاوپەیمانی هەرێمییان لەگەڵدا بوو، ئیرادەی خۆیان سەپاند و گوتی: "کورد کاندیدی سەرۆککۆماری هەڵنەبژارد، بەڵکو لایەنەکانی دیکە بۆیان هەڵبژارد."
سەبارەت بە پێگەی سەرۆککۆمار، موسەننا ئەمین ئەو بۆچوونەی رەت کردەوە کە ئەم پۆستە تەنیا پۆستێکی "تەشریفاتی" بێت و دووپاتی کردەوە: "ئەوانەی دەڵێن سەرۆککۆمار بێ دەسەڵاتە هەڵەن، رەنگە ئەم تێڕوانینە بەهۆی سلووکی هەندێک لە سەرۆککۆمارەکانی پێشووەوە دروست بووبێت کە نەیانتوانیوە کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی سیاسی هەبێت."
ئاماژەی بەوەش کرد، کە سەرۆککۆمار لە بنەڕەتدا "پارێزەری دەستوورە" و ئەگەر کەسێکی خاوەن بڕیار بێت، دەتوانێت رۆڵێکی کاریگەر لە چارەسەرکردنی کێشەکان و بەدەستهێنانی مافەکاندا بگێڕێت و ببێتە کارەکتەرێکی سەرەکی لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا.
ئەمڕۆ شەممە، پەرلەمانی عێراق بۆ مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆبووەوە. دوو گەڕی دەنگدان لەنێوان کاندیدان بەڕێوە چوو و، نزار محەمەد ئامێدی، کاندید یەکێتی، توانی بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران کە 227 دەنگ بوو، کێبڕکێکە لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلایی بکاتەوە و بە سەرۆککۆماری وڵاتەکە هەڵبژێردرا.