ترەمپ: دانوستانەکانمان لەگەڵ ئێران پێشکەوتنی باشیان بەخۆوە بینیوە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: کە وڵاتەکەی سەرکەوتنی گەورەی لەگەڵ ئێراندا بەدەستهێناوە و تاران هەرگیز ناتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هاوکات ئاماژەی بە پاراستنی هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگەرکان لە گەرووی هورمز کرد.

هەینی، 5ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و ئێمە سەرکەوتنی گەورە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بە دەست دەهێنین.

هاوکات ئاماژەی بەوە کرد: "کە ئێران ئێستا لە پێگەیەکدا نییە رێگەی پێبدەین ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و، دانوستانەکانی نێوانمان بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆوە بینیوە.

سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر دۆخی بازاڕی وزە و گوتی: "ژمارەیەکی زۆر لە کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت بە شێوەیەکی ئاسایی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن، ئەمەش هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی نرخی نەوت بەرز نەبێتەوە بۆ 300 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک."

ئەم لێدوانانەی ترەمپ جەخت لەسەر ئاراستەی نوێی واشنتن دەکەنەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لە رێگەی دانوستانەکان و رێگریکردن لە هەر جۆرە پشێوییەک لە بازاڕەکانی وزەی جیهان.