رۆیتەرز: ئەمریکا پڕۆژە بڕیارێکی توند دژی ئێران ئامادە دەکات

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری چەند دیپلۆماتکارێکەوە بڵاوی کردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژە بڕیارێکە بۆ شەرمەزارکردنی ئێران لەبەردەم ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست و رێگریکردن لە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار. 

هەینی 5ـی حوزەیرانی 2026، بەپێی راپۆرتەکەی رۆیتەرز، واشنتن و تاران ئێستا خەریکی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆن بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سوورە لەسەر ئەوەی نابێت بە هیچ شێوەیەک رێگە بە ئێران بدرێت چەکی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت. تاران لە بەرانبەردا بەردەوامە لە رەتکردنەوەی هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.

رۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە حوزەیرانی ساڵی رابردوودا، زیانی قورسیان بە سێ بنکەی سەرەکیی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران گەیاندووە. لەگەڵ ئەوەشدا، نیگەرانییەکی زۆر هەیە کە بڕێکی زۆر لە یۆرانیۆمی پیتێنراو هێشتا لای تاران مابێت و بەهۆی رێگرییەکانی ئێرانەوە، پشکنەرانی ئاژانسی ئەتۆم نەیانتوانیوە بچنە ناو ئەو دامەزراوانە و زانیارییەکان پشتڕاست بکەنەوە.

میخائیل ئۆلیانۆڤ، باڵیۆزی رووسیا لە ئاژانسی ئەتۆم، لە لێدوانێکدا بۆ رۆیتەرز هۆشداری دا، ئەم هەنگاوەی واشنتن "تووڕەیی ئێرانی لێدەکەوێتەوە" و رەنگە ببێتە هۆی پەکخستنی دانوستانەکان. رووسیا و چین هەمیشە دژی ئەو بڕیارنامانە وەستاونەتەوە کە لەلایەن ئەمریکا و سێ وڵاتە ئەوروپییەکەوە (فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا) ئاراستەی تاران دەکرێن.

پڕۆژە بڕیارە نوێیەکە داوا لە ئێران دەکات بەبێ دواکەوتن رێگە بە پشکنەران بدات بگەڕێنەوە بۆ وێستگە ئەتۆمییەکان و زانیاریی ورد لەسەر کۆگاکانی یۆرانیۆم ئاشکرا بکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا بڕیارێکی هاوشێوە دەرچوو، بەڵام تاران تا ئێستا جێبەجێی نەکردووە.

بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسەکە، کە لە 35 وڵات پێکهاتووە، لە ڤیێنا کۆببێتەوە و دەنگ لەسەر ئەم پڕۆژە بڕیارە بدات، کە دەکرێت ئاڕاستەی ململانێکانی ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر ببات.

چوارشەممە 3ی حوزەیرانی 2026، بەپێی بەڵگەنامەیەکی 119 لاپەڕەیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کە دەست "بلوومبێرگ" کەوتبوو، ئێران خاوەنی کۆگایەکی گەورەی یۆرانیۆمی پیتێنراوە کە ئاستەکەی نزیکە لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی. پێش جەنگی 12 رۆژەی حوزەیرانی 2025، ئەم ماددانە هەفتانە لەژێر پشکنینی ورددا بوون، بەڵام ئێستا ئاژانسەکە رایگەیاندووە کە "ناتوانێت هیچ راپۆرتێک لەبارەی دۆخی ئەو ماددە ئەتۆمییانە بدات."

راپۆرتەکە ئاماژەی دابوو، لە دوای جەنگەوە، ژمارەی پشکنینەکان بۆ زیاتر لە نیوە کەمبووەتەوە. پشکنەرانی نێودەوڵەتی تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ وێستگە ئەتۆمییەکانی (فۆردۆ، ئەسفەهان، و نەتەنز) کە زیانیان پێگەیشتووە. لەو وێستگانەدا بڕی 440.9 کیلۆگرام یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو و 8599.6 کیلۆگرام یۆرانیۆمی کەم پیتێنراو هەبووە، کە ئێستا چارەنووسیان نادیارە.