سێنتکۆم ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی گەرووی هورمزی لە مین دەستپێکرد
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان دەستیان کردووە بە ئامادەکردنی زەمینە و پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە مینی دەریایی. ئەم ئۆپەراسیۆنە لە رێگەی دوو کەشتی جەنگی جێبەجێ دەکرێت و ئامانج لێی دڵنیابوونەوەیە لە ئاسایشی رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان.
شەممە 11ـی نیسانی 2026، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی سێنتکۆم، هەردوو کەشتیی جەنگی "یو ئێس ئێس فرانک ئەی پیتەرسن" (DDG 121) و "یو ئێس ئێس مایکل مێرفی" (DDG 112) بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون و لە ناو ئاوەکانی کەنداو دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی گەرووەکە لە مین کردووە.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم جووڵە سەربازییە بەشێکە لە ئەرکێکی فراوانتر بۆ پاککردنەوەی تەواوەتی گەرووەکە لەو مینە دەریاییانەی کە پێشتر لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە چێنرابوون.
ئەم هەنگاوەی سوپای ئەمریکا راستەوخۆ دوای لێدوانەکانی دۆناڵ ترهمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دێت کە تێیدا جەختی لە پاککردنەوەی ناوچەکە کردبووەوە. جێگیرکردنی ئەم دوو تێکشکێنەرە پێشکەوتووە نیشانەی دەستپێکردنی قۆناغی کردەیی ئۆپەراسیۆنەکەیە بۆ کردنەوەی رێڕەوی بازرگانی نێودەوڵەتی و نەهێشتنی ئەو مەترسییە دەریاییانەی کە لە چەند هەفتەی رابردوودا دروست بوون.
تا ئێستا لایەنی ئێرانی هیچ کاردانەوەیەکی فەرمی بەرانبەر بە جووڵەی ئەم تێکشکێنەرانە لە ناوچەکەدا نیشان نەداوە، لەکاتێکدا دانوستانە سیاسییەکان لە ئیسلام ئاباد لە نێوان هەردوولادا بەردەوامە.
هاوکات هەر ئەمرۆ بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی فارس" و تەسنیمی ئێرانی، هێزە دەریاییەکانی ئێران شاندی وڵاتەکەیان لە ئیسلام ئاباد ئاگادار کردووەتەوە کە کەشتییە تێکشکێنەرێکی ئەمریکی لە بەندەری فۆجەیرەوە بەرەو گەرووی هورمز بەڕێکەوتووە. ئێران لە رێگەی نێوەندگیری سوپای پاکستانەوە پەیامێکی بەپەلەی ئاراستەی واشنتن کردووە و رایگەیاندووە: "ئەگەر کەشتییە ئەمریکییەکە بەردەوام بێت لە جووڵە، لە ماوەی کەمتر لە 30 خولەکدا دەکرێتە ئامانج."
دوای ئەم مۆڵەتە، سەرچاوە ئێرانییەکان بڵاویانکردەوە کە کەشتییەکە جووڵەی راگرتووە و گەڕاوەتەوە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئاگادارکردنەوە توندەکانی شاندی ئێرانی لە پاکستان.