عزەت شابەندەر: شیعەی دەسەڵات لایەنی دۆڕاوی هاوکێشە سیاسییەکەی داهاتووی عێراقن
سیاسەتمەدارێکی دیاریی شیعە، رەخنە لە شێوازی دەنگدانی پەرلەمانتاران دەگرێت بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و پێی وایە شیعەکان لەم هاوکێشە نوێیەدا لایەنی دۆڕاو دەبن، چونکە دەنگدانەکە لەسەر بنەمای لێهاتوویی کاندیدەکان نەبووە.
شەممە، 11ـی نیسانی 2026، عزەت شابەندەر، سیاسەتمەداری دیاری شیعە، شیکارییەکی جیاوازی بۆ کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق کرد کە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.
شابەندەر، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: کە پەرلەمانتاران لە کاتی دەنگداندا سەیری توانای کەسیی کاندیدەکانیان نەکردووە بۆ ئەوەی بەراوردیان بکەن، چونکە بە گوتەی ئەو "بەراوردکردن لەو نێوەندەدا قورس بوو"، بەڵکو ململانێکە ڕەهەندێکی ناوچەیی و سیاسی وەرگرت.
ئەم سیاسەتمەدارە شیعەیە هۆشدارییەکی توندیش دەداتە هێزە دەسەڵاتدارەکانی شیعە و رایدەگەیەنێت، کە ئەم جۆرە لە یاریکردن بە هاوکێشە سیاسییەکان لە داهاتوودا بە زیانی ئەوان دەشکێتەوە.
شابەندەر جەختی کردەوە کە "شیعەی دەسەڵات" لە داهاتووی ئەم هاوکێشە سیاسییە نوێیەدا، لایەنی دۆڕاو دەبن.
ئەمڕۆ شەممە، پەرلەمانی عێراق بۆ مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆبووەوە. دوو گەڕی دەنگدان لەنێوان کاندیدان بەڕێوە چوو و، نزار محەمەد ئامێدی، کاندید یەکێتی، توانی بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران کە 227 دەنگ بوو، کێبڕکێکە لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلایی بکاتەوە و بە سەرۆککۆماری وڵاتەکە هەڵبژێردرا.