هەرێمی کوردستان.. پێشبینی دابەزینی زیاتری نرخەکان دەکرێت
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان مژدەی دابەزینی نرخی کاڵا و پێداویستییەکان دەدات و رایدەگەیەنێت، کۆتاییهاتنی شەڕ و ئاڵۆزییە ناوچەییەکان جووڵەی بازرگانی و نرخی کاڵاکانی لە هەرێمی وەک پێشووی لێ دێتەوە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 11ـی نیسانی 2026، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 گوتی: "هەر جۆرە هێوربوونەوەیەک و وەستانی شەڕ کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بازاڕ دەبێت؛ چونکە دڵنیایی بە هاووڵاتییان دەدات و ڕێگری دەکات لە دروستبوونی قەرەباڵغی و کڕینی نائاسایی لە مارکێتەکاندا."
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئێستا جووڵەی بازرگانی لە سەرجەم دەروازە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ تورکیا و ئێران بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت.
گوتیشی: "وردە وردە نرخی کاڵاکان دادەبەزن و لیژنەکانی چاودێریی بازاڕ بەردەوامن لە بەدواداچوونی نرخەکان؛ هەر بازرگان و کاسپکارێکیش سەرپێچی بکات و نرخەکان دانەبەزێنێت، رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە."
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، بازاڕەکانی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان ناسەقامگیرییان بەخۆوە بینی و نرخی بەشێک لە کاڵاکان بەرزبووەوە، بەڵام لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئاڵۆزییەکان، دۆخەکە بەرەو ئاساییبوونەوەی تەواو هەنگاو دەنێت.